لەسەر رێگری لە مەحمود سەنگاوی، كۆسرەت رەسوڵ داوای رونكردنەوە لە مەسعود بارزانی دەكات
  2019-09-19       2255       

كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی سەبارەت بە رێگری لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، نامەیەكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەكات و داوای رونكردنەوەی لێدەكات. سەعدی پیرە ناوەڕۆكی نامەكە ئاشكرادەكات.

ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەبارەت بە رێگری لە مەحمود سەنگاوی لە بازگەیەكی نزیك سماقوڵی، بە "خەندان"ی راگەیاند"ئەمڕۆ بڕیار بو، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆببێتەوە، كە ئەو دۆخە رویداو رێگری لە كاك مەحمود سەنگاوی كرا، بڕیارماندا كە مەكتەبی سیاسی بە ئیمزای كاك كۆسرەت، نامەیەك ئاراستەی كاك مەسعود بارزانی بكات، لە نامەكەدا داوای رونكردنەوە بكات و پێداگیری بكات لەوەی كە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە، لەگەڵ ئەوەی دژی یاسا و بنەماكانی دیموكراتییە، لە هەمانكاتدا ئێمەش وەكو هاوڵاتی و وەكو لێپرسراو قبوڵی ناكەین، چونكە كاك مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیە."

سەعدی پیرە راشیگەیاند،"دیارە ئەم كارە نەخوازراوە، ئەم رێگرییە، ئەم هەڵسوكەوتە نایاساییە، كارێكی خراپ بوە و یەكێتی ئەمەی پێ قبوڵ ناكرێت و تەحەمولی ناكات، بۆیە داوای رونكردنەوە دەكەین."

وتیشی"بڕیاری لەو بابەتە، كاری بەرپرسێكی بازگە نییە، من دەیان ساڵە لەو بازگانەدا هاتوچۆ دەكەم، بەوپەڕی رێزەوە رێزم دەگرن، ئەگەر فەرمانێك نەدرابێت لە پێگەیەكی باڵاتر، ئەفسەرێكی ئاسایی بەرپرسیار لە بازگەكە ناتوانێت بڕیارێكی وا بدات، كە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و فەرماندەیەكی پێشمەرگە كە سەرپەرشتی میحوەرێكی گرنگی شەڕی دژی داعش و ئەو هێزانە كردوە كە هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"كاك مەحمود زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی كردوە، دوای ئەوەی پێیانڕاگەیاندوە تۆ بۆت نییە بچیتە هەولێر، وتویەتی یەك پەرداخ ئاوی ساردم بدەنێ و گەڕاوەتەوە."

 سەعدی پیرە وتیشی"لەنامەكەدا داوای رونكردنەوەمان لە كاك مەسعود كردوە و پێمانوتوە كە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە جێگەی قبوڵكردن نییە و دەبێت لێی بكۆڵدرێتەوە و چارەسەربكرێت، ئەمە یەكەمین جاری نییە پارتی كاری وادەكات، لەگەڵ یەكگرتو، لەگەڵ حزبی دیكە، بۆیە دەبێت بزانن چۆن چارەسەردەكرێت، ئێمە ئەگەر بمانەوێت ببینە شەریكی راستەقینە لە سەرەتاسەری كوردستان، ئەو مامەڵەیەی ئەمڕۆ كراوە مامەڵەی دروستبونی دوئیدارەیی و ئیجباركردنە بۆ دروستبونی دو ئیدارەیی، ئەوە مامەڵەی یەكئیدارەیی و یەكهەرێمی و نەهێشتنی كارەساتی دوئیدارەیی كۆتایی پێ بهێنێت."

سەبارەت بە هۆكاری رێگری لە مەحمود سەنگاوی رایگەیاند"ئەو بابەتە ئێستا لە لێكۆڵینەوەدایەو دواتر هۆكارەكەی دەخەینەرو".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×