ئەمریكا ڤیزای دایە سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران
  2019-09-19       743       

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئەمریكا ڤیزای داوەتە هەریەكە لە حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆمار و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران تا بتوانن سەردانی نیویۆرك بكەن بۆ ئامادە بون لە كۆبونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان كە بڕیارە هەفتەی داهاتو بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە: عەلی رەزا میر یوسف، وتەبێژی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوە بە رۆیتەرزی راگەیاند، ئەمریكا ڤیزای بۆ سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران دەركردوە.

لەلای خۆیشییەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەتویتێكدا رایگەیاند، بەرەبەیانی سبەی هەینی، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئامادەبون لە حەفتاوچوارەمین كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بەرەو نیویۆرك بەڕێدەكەوێت.

بڕیارە رۆژی دوشەممە 23ی ئەم مانگە، حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێرانیش، بۆ هەمان مەبەست بەرەو نیویۆرك بەڕێبكەوێت.

دوێنێ چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران(ئیرنا) رایگەیاندبو، رەنگە سەردانە چاوەڕوانكردنەوەی سەرۆك كۆماری ئێران و وەفدی یاوەری و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ نیویۆرك بەمەبەستی ئامادەبون لە كۆبونەوەی ساڵانەی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا، هەڵبوەشێنرێتەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا لەلایەن ئەمریكاوە ڤیزایان نەدراوەتێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×