زیاتر له‌ 200 كۆچبه‌ری نایاسایی له‌توركیا ده‌ستگیركران
  2019-09-20       760       
له‌هه‌ردو قه‌زای چه‌شمه‌و دیكیلی پارێزگای ئیزمیری‌ توركیا 200 كۆچبه‌ری نایاسایی له‌توركیا ده‌ستگیركران كه‌ به‌نیازبون بچنه‌ وڵاتی سێیه‌م.

ئاوێنه‌: میدیاكانی‌ توركیا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی تیمه‌كانی فه‌رمانده‌یی ئاسایشی كه‌ناراوه‌كان له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری نایاسایی له‌چوار به‌له‌می پلاستیكیدا له‌سنوره‌ ئاوییه‌كانی ئاڵتنكوم، كاراعه‌بدوڵا بورنوو گه‌ره‌نجه‌ له‌قه‌زای چه‌شمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن بچنه‌ وڵاتی سێیه‌م. تیمه‌كان گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌و به‌له‌مه‌كانیان راگرت‌و 151 كۆچبه‌ره‌ نایاساییه‌كانیان ده‌ستگیركرد كه‌ 82یان ئه‌فغانی، 50یان سوریی، 17 سۆماڵی‌و یه‌كێكیان عێراقی‌و یه‌كێكی دیكه‌یشیان یه‌مه‌نی بووه‌.

هه‌روه‌ها تیمه‌كان له‌سنوره‌ ئاوییه‌كانی گه‌ڕه‌كی ئڵیجاش به‌له‌مێكی پلاستیكییان راگرت‌و 29 فه‌ڵه‌ستینی‌و پێنج سورییان ده‌ستگیركرد.

له‌سنوره‌ ئاوییه‌كانی باده‌ملیش له‌قه‌زای دیكیلی له‌دو به‌له‌می چوپدا 43 سوریی، پێنج فه‌ڵه‌ستینی‌و 18ئه‌فغانی كه‌ كۆچبه‌ری نایاسایی بون ده‌ستگیركران له‌گه‌ڵ هاوڵاتییه‌كی توركی به‌تۆمه‌تی قاچاخچێتی‌.

دوای ئه‌وه‌ی گه‌یه‌نرانه‌ وشكانی، ئه‌و 251 كۆچبه‌ره‌ نایاساییه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كیان ژن‌و منداڵ بون، راده‌ستی فه‌رمانگه‌ی گشتی كۆچی ئیزمیر كران.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×