زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا
  2019-09-21       248       

ئەمڕۆ لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020 لێدراو سەرۆكی حكومەتیش لە خوێندنگەیەكی دهۆكەوە رایگەیاند؛ یەکێک لەئەرکە گرنگ و لەپێشینەکانی حكومەتەكەی گرنگیدانە بە پەروەردەو خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەکان، بەتایبەتی قوتابخانە حکومییەکان.  

ئاوێنە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 21ی 9ی 2019 لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبونی بەرپرسان یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020 لێدرا.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شاری دهۆكەوە یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێداو رایگەیاند"یەکێک لەئەرکە گرنگ و لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگیدانە بە پەروەردەو خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەکانمانە بەتایبەتی قوتابخانە حکومییەکان."

بەپێی قسەی مەسرور بارزانی لە ئێستادا هەرێمی کوردستان پێویستی بە سێ هەزارو 500 پۆلی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لە کێشەی چەند دەوامی رزگاری بێت و داوای لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان كرد، رۆڵی نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بگێڕن و لەم هەڵمەتە گرنگەی کردنەوەی قوتابخانەی نوێ بەشداربن.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا سوپاسی مامۆستایانی كرد كە لە ساڵانی رابردودا سەرباری ئەو دۆخە نالەبارەی روبەڕوی هەرێمی كوردستان بۆوە وەك شەڕی داعش و دۆخی سەختی ئابوری بەڵام رێگەیان نەدا پڕۆسەی خوێندن بوەستێت.

وتیشی"حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەمو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و رەخساندنی دەرفەتی لەبارو گونجاو بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردەو خوێندن کە ئامانجی دروستکردنی نەوەیەکی داهێنەر بێت لە سەر بنەمای خۆشویستن و خزمەتکردنی نیشتمان ."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×