وەزیری دەرەوەی سعودیە: دەستەوەستان ناوەستین لە بەردەم هەڕەشەكانی ئێران
  2019-09-25       437       

عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند، ''سعودیە بەهیچ شێوەیەك پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی بەدوور نازانێت لە هەمبەر وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی كە لە ماوەكانی رابردوودا كرانە سەر دوو دامەزراوەی نەوت سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ''.

ئاوێنه‌: عادل جوبەیر لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤ەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەوانان ساز كرد.

هاوکات عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەبارەت بە هێرشەكانی ئەم دواییانەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆ دوا و رایگەیاند ''لەئێستادا وڵاتەكەی لێكۆڵینەوە دەكات بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاراستەكردنی مووشەكەكان بۆسەر دوو دامەزراوە نەوتییەكەی سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ ئاشكرا بكات و وتی، ''دوای راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە، ئەوكات بژاردەكەمان دیاری دەكەین بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان چی سەربازی یان دیپلۆماتی یان ئابووری بێت''.

هەروەها وەزیری دەرەوەی سعوودیە، وای لە قەڵەمدا كە ئێران بەرپرسە لە ئەنجامدانی هێرشەكانی سەر دوو دامەزراوە نەوتییەكەی سەربە كۆمپانیای ئارامكۆ، چونكە ئەو چەكەی لە هێرشەكاندا بەكارهێندراون لە لایەن ئێرانەوە دروستكراون.

شایەنی باسە عادل جوبەیر جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە بە هیچ شێوەیەك وڵاتەكەی جەنگی ناوێت، بەڵام لە هەمان كاتدا دەستەوەستان ناوەستێت لە بەردەم هەڕەشەكانی ئێران.

جێگای ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەختی لەوەشكردووە كە گرنگە كۆتایی بێهندرێت بە هەڵسوكەوتی ئێران كە بووەتە مایەی شڵەژانی سەقامگیری ناوچەكە و ئاشكرایكرد كە ئێران مووشەكی بالیستی داوەتە حزبوڵڵا لوبنان و حووسییەكان.

لەوبارەوە عادل جوبەیر ئاماژەی بەوە كرد كە لە نزیكەوە لەگەڵ واشنتۆندا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران كار دەكەن و وتی، ''لەگەڵ ئەمریكادا هاوڕاین لەسەر ئەوەی نابێت ئێران چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، بەهەر نرخێك بێت''.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×