محەمەد بن سەلمان: بەرپرسیارییەتی کوشتنی جەمال خاشقجی لە ئەستۆی منە
  2019-09-26       849       
شازادە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە بۆیەکەمجار دانی نا بە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە تاوانی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی، لەناو کۆنسولخانەی وڵاتەکەی لە ئیستانبوڵ.

ئاوێنه‌: بن سەلمان لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەرنامەی “فرونت لاین” لە کەناڵی “PBS”ی ئەمریکی کە رۆژی سێشەممەی داھاتوو پەخش دەکرێت، بۆ یەکەمجار بەرپرسیارێتی خۆی لە تاوانی کوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقجی راگەیاندووە کە ساڵی رابردوو لەناو کۆنسولخانەی وڵاتەکەی لە ئیستانبوڵ کوژرا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی کەناڵەکە، بن سەلمان رایگەیاندووە ''(تاوانەکە) لە سەردەمی ئیدارەی مندا روویداوە، بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆ دەگرم، لەبەر ئەوەی لەنێو فەرمانگەیەک روویداوە کە لەژێر دەسەڵاتی مندایە''.

بن سەلمان لەھەمانکاتدا جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی ئەو تاوانە بەبێ ئاگاداری ئەو روویداوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی کەناڵەکە، ئەوە یەکەمجارە جێنشینی سعوودیە باس لە رۆڵی خۆی دەکات لە کوشتنی خاشقجی.

ئاماژە بەوەیشکراوە کە پێشکەشکاری بەرنامەکە، مارتن سمیس لە مانگی کانونی یەکەمی رابردوو لە ریاز لە پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبێل چاوی بە بن سەلمان کەوتووە و پرسیاری دەربارەی چۆنێتی روودانی تاوانەکە لێکردووە.

بن سەلمان لەو کاتەدا رایگەیاندووە ''٢٠ ملیۆن ھاووڵاتییمان ھەیە ، سێ ملیۆن کەسیان فەرمانبەری حکوومین''.

لەسەر ئەوە مارتن سمیس پرسیاری کردووە ''ئایا دەتوانن (ئەو فەرمانبەرانەی ئاماژەی پێکردوون) یەک لە فڕۆکەکانت بەکار بھێنن؟ وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو تیمەی کە لە ١٥ کەس پێکھاتوون و تۆمەتبارن بەوەی روویان کردووەتە ئیستانبوڵ بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە''.

لە وەڵامدا بن سەلمان ووتویەتی، ''ژمارەیەک بەرپرس و وەزیرمان ھەیە بۆ بەدواداچوونی کاروبارەکان، ئەوان بەرپرسن و دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە''، بەبێ ئاشکراکردنی وردەکاری زیاتر.

جەمال خاشقجی لە دووی تشرینی یەکەمی رابردوو لەناو کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا، ئەوەش نیگەرانی و کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیھانی لێکەوتەوە.

لە مانگی تەمووزی رابردووش کۆمیسیاری نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی بڵاوکردەوە و تیایدا سعوودیەی بە کوشتنی ئەنقەستی خاشقجی بەرپرسیار کردووە.

راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە لە بوونی بەڵگەی سەلمێنەر کە پێویستە بەرپرسانی باڵای سعوودیە لەنێویاندا محەمەد بن سەلمان رووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×