ئه‌مریكا سزای نوێی به‌سه‌ر كۆمپانیا چینییەکان دەسەپێنێت
  2019-09-26       520       

مایك پۆمپیۆ, وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ میانی كۆنفرانسی ''یه‌كێتیی دژ به‌ ئه‌تۆمیی ئێران'' له‌ شاری نیویۆرك، سزا نوێکانیان به‌سه‌ر كۆمپانیا چینییەکان راگەیاند.

مایك پۆمپیۆ لە میانی ئەو کۆنفڕانسەدا لێدوانێکی پێشکەش کرد و ئاشکرای کرد کەوا سزا به‌سه‌ر كۆمپانیاكانی Cosco Shipping Tanker Co و Concord Petroleum Coـی چینی و هه‌ندێک كه‌سایه‌تی ئەو وڵاتە-یان سەپاندووە.

ئەم سزایانەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە کۆمپانیا و کەسایەتییە دیاریکراوەکانی چین به‌ ئه‌نقه‌ست به‌رده‌وامبوون له‌ كڕینی نه‌وت له‌ ئێران.

هەروەها پۆمپیۆ وتیشی، ''ئێران ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ‘كرده‌ی كاولكاری’ ئه‌نجام ده‌دات و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ گه‌لانی جیهان یه‌ك بن لەدژی ئێران''.

جیا لەمە وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا هەر لە دوای لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هاووڵاتی چیندا كۆمپانیا چینییه‌كانی وه‌ك Cosco Shipping Tanker Co, China Concord Petroleum Co, Kunlun Holding Company, Kunlun Shipping Company و Pegasus 88 Limited خراونه‌ته‌ چوارچێوه‌ی سزاكانه‌وه‌''.

جێگای ئاماژەیە له‌ ٧٤ـه‌مین كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا، دۆناڵد تره‌مپ وتارێكی پێشكه‌شی زیاتر لە سه‌ركرده‌ی ١٩٠ وڵات كرد و رایگه‌یاند، ''هه‌موو وڵاتێك به‌رپرسیارێتیی ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆدایه‌ كه‌ دژی ئێران هه‌ڵوێست بنوێنێت. تاوەکو ئێران به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكات، سزاكان(ـی ئه‌مریكا) كه‌مناكرێنه‌وه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ قورستر ده‌كرێن''.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×