یاسین مەحمود: ئێران شارێكی پیشەسازی لە گەرمیان دروست دەكات
  2019-09-27       704       

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی رایدەگەیاند، ''كۆماری ئیسلامی ئێران شارێكی پیشەسازی لە گەرمیان دروست دەكات و ، 68 كارگه‌ لە ناوچەی پیشەسازی عەربەت لەلایەن كۆمپانیاكانی هەرێم و ئێران بە هاوبەشی دادەنرێن''.

ئاوێنه‌: یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی رایگەیاند ''لە داهاتوویەكی نزیكدا، شاری پیشەسازی گەرمیان دەكرێتەوە كە وڵاتی ئێران لای خۆیەوە بڕیاریداوە كارەبا و سووتەمەنی بۆ دابین بكات و هەرێمی كوردستانیش زەوی پێویستی بۆ پڕۆژەكە تەرخانكردووە، كە لەو شارە پیشەسازییەدا وێڕای جێگیركردنی دەیان كارخانەی گەورە، هەلی كاری باشیش بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان دەڕەخسێت، كارگەكانیش كارگەی بەرهەمهێنان دەبن''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "بڕیارە بەم نزیكانە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری بازرگانی سەردانی  هەرێمی كوردستان بكات و لەو سەردانەشدا، چوار مەرزی تر لە نێوان پارێزگای سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبنە نێودەوڵەتی، كە هاووڵاتیان دەتوانن هاموشۆی لێوە بكەن و بەمەش ئەو گوشارە لەسەر ئەو خاڵە سنووریانەی تر نامێنێت كە لە ئێستادا بە هۆی سەردانی وڵاتانی یەكتری دروست بووە".

یاسین مەحمود، ئاشكرای كردووە" لە داهاتوویەكی نزیكدا، 68 كارخانە لە ناوچەی پیشەسازی عەربەت لەلایەن كۆمپانیاكانی هەرێم و ئێران بە هاوبەشی دادەنرێن، كە ئەم هەوڵە لە ڕاسپاردەكانی سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن ڕوحانی بووە، كاتێك لە سەردانیدا بۆ لای بەرپرسانی عیراق لە بەغدا بەرباسی خستوون لە پێناو دروستكردنی شارە پیشەسازییەكان لە عیراقدا و لە هاتنی بەرێز جەواد زەریفیش بۆ هەرێمی كوردستان ئەم هەوڵە هاوبەشەی نێوان هەرێم و ئێران بۆ دانانی كارخانەی هاوبەش جەختی لەسەر كراوەتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×