ناسا چاودێری چاڵێكی رەش دەكات لەكاتی هەڵلوشینی ئەستێرەیەكدا
  2019-09-28       899       

لەماوەی چەند مانگی رابردودا، چاڵە رەشەكان سەرنجی ملیۆنان كەسی لەسەر ئاستی جیهان بەلای خۆیاندا راكێشاوە ئەوەش دوای ئەوەی بۆ یەكەمجار وێنەی یەكێك لەو چاڵە رەشانە بڵاوكرایەوە. ئاژانسی ناسا، رونكردنەوەیەكی ڤیدیۆیی لەسەر یەكێك لەو چاڵە رەشانە بڵاوكردۆتەوە كاتێك ئەستێرەیەك هەڵدەلوشێ.

ئاوێنە: لە 29ی كانونی دوەمی ئەمساڵەوە، زاناكانی ئاژانسی ناسا توانیان دەست بكەن بە چاودێریكردنی روداوێكی دەگمەنی گەردونی و دەڵێن، ئەو روداوە هەمو 10 هەزار ساڵ بۆ 100 هەزار ساڵێك لە كۆمەڵەیەكی بە ئەندازەی كۆمەڵەی خۆی ئێمەدا رودەدات.

لەڕێگەی تیلسكۆبی ئاسمانی جۆری "Tess"ی سەربە ئاژانسی ناساو تایبەتمەند بۆ چاودێرێكردنی هەسارەكانی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆر، دەستكرا بە چاودێریكردنی ئەستێرەیەك لە لە چاڵێكی ڕەش نزیك دەبوەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ناسا ئەو چاڵە ڕەشە 375 ملیۆن ساڵی روناكی لە زەوییەوە دورەو قەبارەكەی شەش ملیۆن جار لە قەبارەی خۆری ئێمە گەورەترە، دەكەوێتە كاكێشانێكەوە بەناوی 2MASX J07001137-6602251.

زاناكانی ناسا بۆ ماوەی چەند مانگێك چاودێری دیاردەكەیان كردو چاودێری ئەو ئەستێرەیەیان كرد كە قەبارەكەی لە قەبارەی خۆر گەورەترەو بەخێرایی لە چاڵە رەشەكە نزیك دەبوەوە كە ئەوەش دیاردەیەك پێی دەوترێت Tidal Disruption، بەهۆی هێزی راكێشانی زۆرەوە، چاڵە رەشەكە، ئەو ئەستێرەیە تێكدەشكێنێت كە ناسا ناوی ناوە ASASSN-19bt، ئەوەش بەپێی ئەو رونكردنەوە ڤیدیۆییەی كە لەلایەن ئاژانسەكەوە بڵاوكراوەتەوە:

ناسا لەبەیاننامەیەكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە، كاتێك ئەستێرەكە بەخێراییەكی زۆر لە چاڵە رەشەكە نزیك دەبێتەوە، تێكدەشكێت و دەگۆڕێت بۆ تەزویەك لە گاز، بەشی چواردەورەی تەزوە گازییەكە لە بۆشایی ئاسماندا بڵاودەبێتەوەو ئەو بەشەشی لێی دەمێنێتەوە كە بە (accretion disk) ناسراوەو پێكدێت لە پشتێنەیەك لە گاز، بەهۆی هێزی راكێشانەوە بەدەوری چاڵە رەشەكەدا دەسوڕێتەوە.

بادی بۆید، زانا لە پڕۆژەی TESS رایگەیاندوە، چاودێریكردنی ئەو دیارەدەیە لەسەرەتایەكی زوی رودانییەوەو بۆ ماوەیەكی زۆر "شتێكی نائاساییە" كە زانایان پێی هەڵساون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×