عادل عەبدولمەهدی لە بڕیاری دوورخستنەوەی فەریقی روکن عەبدولوەهاب ساعدی پاشگەز نابێتەوە
  2019-09-29       2338       
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ''لە بڕیاری دوورخستنەوەی فەریقی روکن عەبدولوەهاب ساعدی پاشگەز نابێتەوە''. 

ئاوێنه‌: لەمیانی دانیشتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەوان، عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دوورخرانەوەی فەریقی روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوە دا کە لە بڕیاری دوورخستنەوەی فەریقی روکن عەبدولوەهاب ساعدی پاشگەز نابێتەوە.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، ''ئەفسەر خۆی ناتوانێت پێگەی خۆی دیاری بکات بەڵکو فرمانی پێدەکرێت. لەلایەکی دیکەوە شتێکی قبوڵکراو نییە فەرماندەکان بە ئارەزووی خۆیان سەردانی باڵیۆزخانەکان بکەن''.

لەلایەکی دیکەوە عەبدولمەهدی رایگەیاند ''ناکرێت دامەزراوە سەربازییەکان لەسەر ویستی کەسیی جێبهێڵدرێت تەنانەت ناکرێت لەسەر ویستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیش بێت''.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو ''هەینی رابردوو فەریقی روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی-یەوە دوورخرایەوە و پلەکەی نزم کرایەوە. چەند دەنگۆیەک لەبارەی هەڵآتنی ساعدی بەرەو تورکیا بڵاوکرایەوە بەڵام دواتر سەرجەم هەواڵەکان لەلایەن خۆی بەدرۆخرایەوە''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×