عادل عەبدولمەهدی: ئیسرائیل هێرشەكانی سەر پێگەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق ئەنجامداون
  2019-09-30       974       

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان دەریانخستوە كە هێرشەكانی سەر هەندێك لە پێگەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.

ئاوێنە: عادل عەبدولمەهدی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلجەزیرە"، رایگەیاندوە"لێكۆڵینەوەكان دەربارەی هێرشكردنە سەر هەندێك لە پێگەكانی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوە دەدەن كە ئیسرائیل بەو كارە هەڵساوە."

ئەو لێدوانەی عادل عەبدولمەهدی بە یەكەم تۆمەتباركردنی راستەوخۆی ئیسرائیل دەژمێردرێت لەلایەن بەغداوە لەسەر هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی.

پێشتر حەشدی شەعبی چەند جارێك ئیسرائیلی تۆمەتبار كردوە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی لەماوەی چەند مانگی رابردودا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرانە سەر چەند پێگەو كۆگایەكی چەكی سەر بەهێزەكانی لەچەند ناوچەیەكی جیاجیای عێراق كە لە دو هێرشیاندا ژمارەیەك لە چەكدارانی حەشدی شەعبی كوژران. حەشدی شەعبی ئەمریكاشی تۆمەتبار كردبو بەوەی لەو هێرشانەدا ئەمریكا پشتیوانی ئاسمانی ئیسرائیلی كردوە.

بەڵام ئیسرائیل بەڕەسمی سەبارەت بەو تۆمەتباركردنەی تا ئێستا هیچ لێدوانێكی نەداوە، تەنها ئەوە نەبێت كە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە مانگی رابردو بە ئاماژەدان باسی لە ئەگەری تێوەگلانی وڵاتەكەی لەو هێرشانە كردو وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش رەتیكردەوە هێزەكانیان لەو هێرشانەدا هیچ بەشدارییەكیان هەبوبێت.

عادل عەبدولمەهدی، لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلجەزیرە"، رایگەیاندوە، پێویستە تارمایی جەنگ لەناوچەكە دوربخرێتەوەو هەموانیش باس لەوە دەكەن قبوڵیانە بە دانوستان قەیرانی ناوچەكە چارەسەر بكرێت.

وتوشیەتی"زۆربەی ئاماژەكان بەڵگەن لەسەر ئەوەی هیچ كەسێك شەڕی لەناوچەكەدا ناوێت جگە لە ئیسرائیل."

ئەوەشی خستۆتەڕو"كەوتنە ناو جەنگ لەهەر ساتێكدا و بە بڕیارێكی تاكلایەنە دەكرێت روبدات بەڵام هاتنە دەرەوە لێی قورس و گران دەبێت."

جەختیشی كردەوە"ژمارەیەك وڵات لەناوچەكە دەكرێت ببنە گۆڕەپانی چارەسەرو دانوستانەكان و عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە."

بەبڕوای عادل عەبدولمەهدی، كە هەفتەی رابردو سەردانی سعودیەی كردوە، ئەو وڵاتە لەگەڵ ئاشتی و پێشی وایە چارەسەركردنی كێشەی یەمەن كلیلی چارەسەركردنی كێشەی كەنداوەو وتوشیەتی"وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانی كەنداوەوە باس لە دانوستان دەكەن و سعودیەو ئێرانیش ئامادەن بۆ دانوستان."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×