نەتەوە یەكگرتوەكان: لیستی ناوی ئەندامانی لیژنە دەستورییەكەی سوریا بڵاودەكەینەوە
  2019-09-30       1141       

گیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ سوریا رایگەیاند، دوای ئەوەی بەڕەسمی رەزامەندیان لەسەر دەدرێت، نەتەوە یەكگرتوەكان لیستی ناوی ئەندامانی لیژنە دەستورییەكەی سوریا بڵاودەكاتەوە.

ئاوێنە: پیدەرسن، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا رایگەیاند، ناوی هەر 150 كاندیدەكەی لیژنە دەستورییەكەی سوریا بڵاودەكەنەوە دوای ئەوەی بەڕەسمی رەزامەندیان لەسەر دەدرێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لیژنەكە 50 نوێنەری كۆمەڵگەی مەدەنی و 50 نوێنەری حكومەتی سوریاو هەروەها 50 نوێنەری ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت و ئەوەشی خستۆتەڕو كە نوێنەرەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەرانی ئایین و پێكهاتەو ناوچە جیاجیاكانی سوریا لەخۆدەگرێت و هەندێكیان لەناوخۆی سوریا دەژین و هەندێكیشیان لەدەرەوەی سوریاو جەختیشی كردۆتەوە كە رێكەوتن لەسەر كاندیدانەكان قورسترین بەشی رێككەوتنەكەیە. 

هەروەك ئاشكراشیكرد كە نزیكەی نیوەی نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە لیژنەكەدا ژنان دەبن و بەگشتیش ژنان لەسەدا 30ی ئەندامانی لیژنە دەستورییەكە پێكدەهێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لیژنە دەستورییەكەی سوریا پڕۆژەیەك بۆ رێگەخۆشكردن لەپێناو چارەسەرێكی سیاسیدا ئامادە دەكات و هێمای بۆ ئەوەش كرد كە كاردەكرێت بۆ گەرەنتیكردنی ئەوەی ئەندامانی لیژنەكە روبەڕوی هیچ گوشارێك نەبنەوە. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×