سەرۆکی حەشدی شەعبی لە واشنتۆنە، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆببێتەوە
  2019-10-01       816       

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دوای هێرشەکانی ئارامکۆ بە سەردانێک گەیشتە واشنتۆن و بڕیار وایە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆببێتەوە. 

ئاوێنه‌: بەپێی دەزگاکانی راگەیاندنی عێراقی، فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆن-ی پایتەختی ئەمریکا و بڕیار وایە لەگەڵ دەیڤد هیل، یاریدەدەری کاروباری سیاسی وەزیری دەرەوە ئەمریکا کۆببێتەوە.

هاوکات تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی نێوان فەیاز و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەرەشەکان و قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێت.

دوا بە دوای بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی دەربارەی دەستنیشانکردنی وەکو سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و لادانی پۆستی جێگری سەرۆکی دەستەی ناوبراو، فالح فەیاز لەنێو حەشدی شەعبی پێگەیەکی گرنگی بۆ خۆی درووستکردووە، لەلایەکی دیکەوە بەر لە فالح فەیاز، ئەبو مەهدی موهەندیس کە بە نزیکیی لەگەڵ ئێران ناسراوە، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×