نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی 9 ئەیلول دیاری كرا
  2019-10-02       1130       

نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی ئەیلول لەسلێمانی (42) دینار دەبێت، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی تشرینی یەكەم دیاریكرا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، بەمەبەستی دیاریكردنی نرخی كارەبای مرلیدە ئەهلییەكان ئەمڕۆ چوارشەممە 2019.10.2 ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا، ئاسایشی ئابوری، چاودێری بازرگانی و لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سەربەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبوەوە.

راگەیەندراوەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەكۆبونەوەكەدا نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی ئەیلول بە (42) دینار دیاریكرا و موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (50) بۆ (70) كاتژمێر كاریان كردوە، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لە نێوان (2) هەزار بۆ (3) هەزار دینار دەبێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە لە مانگی تشرینی یەكەم، بەم جۆرە دەبێت: لە كاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ بۆ كاتژمێر 2ی شەو لە ئامادەباشیدا دەبن، هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا پێویستە كارەبای مۆلیدە بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.

هەوروەها جەخت لەو خاڵە كراوەتەوە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار روبەروی یاسا دەكرێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×