جوتیار عادل: دابینکردنی موچەی فەرمانبەران کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمە
  2019-10-02       1330       

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە و چاوەڕێی راپۆرتی لیژنە تەکنیکییەکانی نێوان هەردولا دەکەن و لە هەردولاش نیازپاکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە. ھەروەھا دابینکردنی موچەی فەرمانبەران کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و فەرمانبەران لە بەردەوامبونی پێدانی موچەکانیان دڵنیادەکەنەوە.

ئاوێنە: جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 وتی"جگە لە دانیشتن و كۆبونەوە لەنێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، پەیوەندیی تەلەفۆنی و گفتوگۆ لەبارەی بودجە و موچە ھەمو بابەتەكان ھەیە."

وتیشی"چاوەڕێی راسپاردەی لیژنەكانی تەكنیكی دەكەین، لیژنەكان لە گفتوگۆدان لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە و ناوچە كوردستانییەكان و پێشمەرگە."

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕو کە بەپێی یاسای بودجەی ئەمساڵ بێت هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ناکات، بەڵکو داهاتی نەوتەکە ڕادەست دەکات.

لەبارەی موچەی فەرمانبەران، جوتیار عادل وتی"خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆی دابەش دەكرێت، ھەمو ھەوڵ و كۆششمان ئەوەیە كە ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان زامن بكەین، ھەروەھا نیازپاكیمان بەرامبەر حكومەتی عێراق نیشانداوە. دڵنیایی ئەوەش دەدەینە خەڵكی كوردستان كە سازش لەسەر مافەكانیان ناكەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×