لە خۆپیشاندانەكانی سێ پارێزگای عێراقدا 24 حاڵەتی هێرشكردنە سەر راگەیاندنكاران تۆماركراوە
  2019-10-02       482       

سەندیكای نیشتمانیی رۆژنامەنوسان لەعێراق ئاشكرایكرد، لەخۆپیشاندانەكانی هەر سێ پارێزگای بەسرە، دیوانیەو بەغدا هێزە ئەمنییەكان بە داری كارەبایی و گوللـەو گازی فرمێسكڕێژ هێرشیان كردۆتە سەر 24 پەیامنێر و وێنەگر لەكاتی روماڵكردنی ئەو خۆپیشاندانانەداو هەروەها دەستیان گرتوە بەسەر كامێراو كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیاندا.

ئاوێنە: ئینمار غازی، بەرپرسی بەشی پەیامنێرانی كەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی، رایگەیاندوە، لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانەكانی ئێوارەی دوێنێ سێشەممەدا، هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ هێرشیان كردۆتە سەر تیمی وێنەگرتنی كەناڵەكەیان و لەئەنجامدا ئەحمەد وائیلی، وێنەگرو هەروەها ئەنەس محەمەد-ی یاریدەدەری بریندار بون و دەستبەجێ گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تیمی وێنەگرتنی كەناڵەكە لە نۆ كەس پێكهاتون كە لەنێو خۆپیشاندەراندا بون و روبەڕوی هێرش بونەتەوەو سەرسوڕمانی خۆیشی نیشانداوە بەرامبەر بەو شێوە دڕندانەیەی كە هێزە ئەمنییەكان بەرامبەر بەو خۆپیشاندەرانە بەكاریانهێناوە كە لەخۆپیشاندەران دابڕاون.

لای خۆیشییەوە كەناڵی سومەریە، ئاماژەی بەوەداوە كە پەیامنێرێكیان بەناوی عەلی خەشان لەگەڵ وێنەگرەكەی لەلایەن هێزی پاسەوانی نەخۆشخانەی شێخ زاید-ەوە هێرشیان كراوەتە سەر كاتێك ویستویانە لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەربگرن دوای ئەوەی لەمیانی هێرشی هێزە ئەمنییەكاندا بۆ سەر خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بەسەختی بریندار بون.
لەلایەكی دیكەوە مازن عەلوان، پەیامنێری كەناڵی دیجلە رایگەیاندوە كە تیمی كەناڵەكەیان كە لە حەوت كەس پێكهاتون لە گۆڕەپانی تەحریر لەبەغدا بە غازی فرمێسكڕێژ هێرشكراوەتە سەریان.

سەندیكای نیشتمانیی رۆژنامەنوسان لەعێراق سەبارەت بە پارێزگای دیوانییە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هەر لەسەرەتاوە رێگە نەدراوە بە دەزگاكانی راگەیاندن روماڵی خۆپیشاندانەكان بكەن و زەید فەتلاوی، پەیامنێری كەناڵی دیجلە، وتویەتی"كاتێك گەیشتینە شوێنی خۆپیشاندانەكان هێزەكانی سوات رێگریان لێكردین روماڵ بكەین."

پەیامنێرەكەی كەناڵی دیجلە ئەوەشی خستۆتەڕو كاتێك هەوڵیان داوە روماڵی خۆپیشاندانەكە بكەن لەنێوان ئەمان و هێزە ئەمنییەكاندا دەمەقاڵی دروست بوەو فەرماندەی هێزە ئەمنییەكان فەرمانی داوە بە دەستگیركردنی ئەو راگەیاندنكارانەی لەوێ بون.

زەید فەتلاوی باسی لەوەش كردوە كە دواتر فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاكە فەرمانی دەستگیركردنیانی هەڵوەشاندۆتەوە و رێگەی پێداون وێنەی خۆپیشاندانەكە بگوازنەوە. وتیشی"وێڕای بڕیارەكەی فەرماندەی پۆلیس بەڵام هەر رێگریمان لێكرا كە روماڵی خۆپیشاندانەكە بكەین و من بە داری كارەبایی روبەڕوی هێرش بومە دوای ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ خۆپیشاندانەكەمان گواستەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە پەیامنێری ماڵپەڕی ناس نەبیل جبوری، تیمی وێنەگرتنی كەناڵی عەهد كە لەوێنەگرێك و پەیامنێرێك پێكهاتبون لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لێیاندراوە بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ خۆپیشاندانەكەیان گواستۆتەوە.

دەربارەی رێگەگرتن لەرۆژنامەنوسان بۆ روماڵكردنی خۆپیشاندانەكانی پارێزگای بەسر، حەیدەر جورانی، پەیامنێری ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس رایگەیاندوە، هێزە ئەمنییەكان چەند سەعاتێك بەر لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكاندا، شوێنی خۆپیشاندانەكەیان گەمارۆ داوەو ئەو خۆپیشاندەرانەی لەوێ بون دەستگیركران و رێگەش بە دەزگاكانی راگەیاندن نەدرا روماڵ بكرێت.

باسی لەوەش كردوە كە لەكانی وێنەگرتنی ساتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەراندا هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردۆتە سەرو هەوڵیانداوە كامێراكەی لێبەسنن.

سەندیكای نیشتمانیی رۆژنامەنوسان لەعێراق داوای لە عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و فەرماندە ئەمنییەكان كردوە كۆتایی بە دۆسیەی رێگریكردن لە دەزگاكانی راگەیاندن بۆ روماڵی خۆپیشاندانەكان لە پارێزگاكانی عێراق بهێنن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×