كۆنسولخانەی عێراق لە شارێكی ئێران داخرا
  2019-10-02       709       
محەمەد حەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق بڕیاردا بە داخستنی كۆنسولخانەی وڵاتەكەی لە شاری مەشهەد باكووری رۆژهەڵاتی ئێران، ئەویش بە هۆی ئەو هێرشەی كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە كراونەتە سەر دوو دیپلۆماتكاری عێراقی.

ئاوێنه‌: بو گوێرەی بەڵگەنامەیەك كە سێ رۆژ لەمەوبەر لە لایەن كۆنسولخانەی عێراق لە شاری مەشهەد ئاراستەی نووسینگەی محەمەد حەكیم کراوە، تیادا هاتووە كە رۆژی شەممەی رابردوو، هێزە ئەمنییەكانی ئێران، دوو كارمەندی كۆنسولخانەكەیان لە یەكێك لە شەقامەكانی شارەكە دەستگیركردووە و دواتر لێیان داون.

هاوکات بەپێی بەڵگەنامەكە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران دوو كارمەندەكەیان دەستگیركردووە وێرای ئەوەی پارێزبەندی دیپلۆماتیان هەیە، بەڵام رەوانەی دادگا کراون.

دادگاش داوا دەكات پارە بدرێت بۆ ئەوەی بە كەفالە دوو كارمەندەكە ئازاد بكرێن.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە  محەمەد عەلی حەكیم، وەزیری دەرەوە بڕیاردا بە هەڵپەساردنی كارەكان لە كۆنسولخانەی عێراق لە شاری مەشهەد، ئەویش بە هۆی ئەو هێرشەی كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە كراونەتە سەر دوو كارمەندی كۆنسولخانەكە.
 
هاوكات لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی كرد كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كراونەتە سەر دوو كارمەندی كۆنسولخانەی عێراق لە شاری مەشهەد.

شایەنی باسە شێركۆ محەمەد، سەرۆكی لیژنەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، ''ئەو هێرشە بە توندی لە لایەن گەلی عێراقەوە ئیدانە كراوە بە تایبەتیش كە دوو دپیلۆماتكارەكە خاوەن پارێزبەندی دیپلۆماتیین و بەپێی یاسا چوونەتە ئێران''.

هەروەها شێركۆ محەمەد روونیكردەوە، لە كاتێكدا سەدان هەزار هاووڵاتیی ئێران سەردانی عێراق دەكەن و بە باشترین شێوە پێشوازی دەكرێن، كەچی ئەوان لەوێ بەو شێوەیە پێشوازی و مامەڵە لەگەڵ دیپلۆماتكار و هاووڵاتییانمان دەكەن”.

هیچ روونكردنەوە و زانیارییەك لەو بارەوە لە لایەن كاربەدەستانی ئێرانەوە بڵاونەكراوەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×