ترەمپ پێشنیار دەکات خەندەقێکی پڕ لە مار و تیمساح دروست بکرێت بۆ ڕێگری لە کۆچبەران
  2019-10-02       1751       

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز  لە هەواڵێکیدا پێشنیارێکی جیاوازی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخاتەڕوو بۆ ڕێگری کردن لە هاتنی شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئەمریکا.

ئاوێنه‌: پەیامنێرانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوای ئەنجامدانی چەندین چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی، پێش بڵابوونەوەی کتێبی (جەنگی سنوورەکان: دیوی پشتەوەی هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر کۆچبەران)، ئەو زانیارییانەی وەریان گرتبوو وەک وتارێکی بڵاویان کردەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەمریکا وەرگیراوە، ترەمپ لە پێناو ڕاگرتنی شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئەمریکا چەندین پێشنیاری نامۆی کردووە، لەوانە: ''تەقەکردنی لە قاچی کۆچبەران، دانانی کارەبا لەسەر دیواری سەر سنوورەکان و دانانی دڕک لەسەریان، درووستکردنی خەندەقێکی پڕ لە مار و تیمساح. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کردبوو تەواوی سنوورەکانی باشوری ئەمریکا دابخرێت''.

جگە لەوە ساڵی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەو کۆچبەرانەی بەرد دەگرنە سەربازەکان تەقەیان لێ بکرێت.

شایانی باسە یەکێکە لە گرنگترین بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ بریتیی بوو لە ڕاگرتنی هاتنی شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئەمریکا بە هەر نرخێک بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×