عادل عەبدولمەهدی قەدەغەی هاتوچۆی لەبەغدا راگەیاند
  2019-10-03       449       

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، نیوەشەوی رابردو، بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە بەغدا لە سەعات 5ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ(پێنجشەممە)وە تا كاتێكی نادیار.

ئاوێنە: بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوای دو رۆژ لە بەردەوامی خۆپیشاندانەكان لە بەغداو چەند پارێزگایەكی دیكەی خواروی عێراق دێت كە توندی تیژی لێكەوتەوەو بەهۆیەوە تا ئێستا حەوت كەس كوژراون و چەندانی دیكە بریندار بون.

عادل عەبدولمەهدی، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەسەر بنەمای ئەو بەیاننامەی كۆبونەوەی سەركردە سیاسییەكان بوە كە شەوی رابردو لە كۆشكی سەلام بەڕێوەچو و لەپێناو پارێزگاریكردنە لە سیستمی گشتی و ئاسایشی ناوخۆ و پاراستنی خۆپیشاندەران لە هەندێك دەست كە هێرشیان كردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكان و موڵكی گشتی و تایبەت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێزە ئەمنییەكان رێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتیان بە یاساو ئەو گەشتیارانە لە فڕۆكەخانەی بەغداوە دێن یان بۆ فڕۆكەخانە دەچن و هەروەها ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن و حاڵەتی نەخۆشی كە پێویستی بە چارەسەرە و ئەو كارمەندانەشی كە لە نەخۆشخانەكان و فەرمانگەكانی كارەبا و فەرمانگەكانی ئاون.

سەرۆك وەزیرانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پارێزگارەكان خۆیان سەرپشكن لە بڕیاردان لە قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگاكانیاندا.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێوارەی دوێنێ به‌هۆی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی به‌غدا و چه‌ند پارێزگایەكی دیكه‌ی عێراقی گرتوه‌ته‌وه‌، وەزیری به‌رگری عێراق به‌ فه‌رمانێك سه‌رجه‌م كه‌رته‌ سه‌ربازییه‌كانی خستە ئاماده‌باشییه‌وه و داوشی لێ كردن دان به‌خۆیاندا بگرن‌.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×