خۆپیشاندانی عێراق؛ كوژرانی 12 كەس و بریندار بونی سەدان
  2019-10-03       1533       
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی بەغداو پارێزگاكانی دیكەی عێراقی ئاشكراكردو دەڵیت، تا ئێستا 12 كەس كوژراون و 650 كەسیش بریندار بون.

لەدو رۆژی رابردودا، خۆپیشاندان بەغدای پایتەخت و چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراقی گرتەوەو خۆپیشاندانەكانیش توندوتیژیان لێكەوتەوە.

عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی دو رۆژی رابردو بەرزبۆتەوە بۆ 12 كەس كە یەكێكیان لە هێزە ئەمنییەكانەو هەروەها ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەكان گەیشتۆتە 650 كەس كە 78 كەسیان لە هێزە ئەمنییەكانن و 122 كەسیش دەستگیركراون كە بەشێكی زۆریان دواتر ئازادكراون.



كاردانەوەكانی حكومەتی عێراق

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، نیوەشەوی رابردو، بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە بەغدا لە سەعات 5ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ(پێنجشەممە)وە تا كاتێكی نادیار.

عادل عەبدولمەهدی، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندبو، بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەسەر بنەمای ئەو بەیاننامەی كۆبونەوەی سەركردە سیاسییەكان بوە كە شەوی رابردو لەكۆشكی سەلام بەڕێوەچو و لەپێناو پارێزگاریكردنە لەسیستمی گشتی و ئاسایشی ناوخۆو پاراستنی خۆپیشاندەران لەهەندێك دەست كە هێرشیان كردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكان و موڵكی گشتی و تایبەت.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی میدیا عێراقییەكان وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی عێراق لە بەشێكی زۆر پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان هێڵی ئینتەرنێتی بڕیوە.



خۆپیشاندەرانی بەغدا تەحەدای قەدەغەی هاتوچۆ دەكەن

ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویكردەوە كە ژمارەیەك خۆپیشاندەر ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ تەحەدای بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ رویان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا كردوە.

ئاژانسەكە نوسیویەتی كە هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوپێكردنی دەیان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر، تەقەیان بە ئاسماندا كردوەو خۆپیشاندەران بەرەو شەقامە لاوەكییەكان گۆڕەپانەكە پاشەكشەیان كردوە.

لەلایەكی دیكەوە كەناڵی "ئەلحوڕە" نوسیویەتی كە سەدان خۆپیشاندەر كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گەمارۆ دراون لە ناوچەی بەتاوین-ی نزیك لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا كۆبونەتەوە كە ناوچەیەكی میللییەو كۆڵانی زۆرەو خۆپیشاندەران بە ئاسانی دەتوانن لەدەست هێزە ئەمنییەكان هەڵبێن.



كاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە هۆشدارییەكدا ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆی كردەوە كە بەهۆی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له‌ پارێزگا جیاوازه‌كانی عێراق، به‌تایبه‌تی به‌غدای پایته‌خت، بەڕێوەدەچن، ئه‌گه‌ر ناچار نه‌بن خۆیان به‌ دوربگرن له‌ گه‌شتكردن بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له‌م قۆناغه‌دا خۆپیشاندان تێیاندا درێژه‌ی هه‌یه.

لەكاردانەوەی خۆپیشاندان و توندوتیژییەكاندا ئێرانیش دو دەروازەی سنوریی خۆی لەگەڵ عێراق داخست بەڵام دواتر یەكێك لە دەروازە سنورییەكانی كردەوە.

قاسم رەزایی، فەرماندەی پاسەوانی سنوریی ئێران، رایگەیاند، لە دوێنێوە هەردو دەروازەی سنوریی خەسروی و جەزابە-یان لەگەڵ داخستوە بە هۆكاری ئەمنی.

بەڵام بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران(ئێران) دواتر دەروازەی سنوری جەزابە كراوەو لەگەڵ ئەوەش هێشتا دەروازەی خسرەوی تا كاتێكی نادیار داخراوە.



كاردانەوەی هێزە جیهانییەكان

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، دوێنێ چوارشەممە، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەرانی عێراقی لەبەغداو هەندێك لە پارێزگاكان راگەیاندو وتبوشی، بەوردی چاودێری خۆپیشاندانەكان دەكەن.

 باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندبو، نیگەرانن لە بەكارهێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەكانداو داوای كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكانیش دەكات.

ئەوەشی خستبوەڕو كە بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی خۆپیشاندانەكان لەنزیكەوەو ئاماژەی بەوەشدابو كە خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێكی بنەڕەتییە لە سەرجەم سیستمە دیموكراتییەكاندا بەڵام توندوتیژی لەنێو خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هەر لایەكەوە بێت، جێی نابێتەوە.

لەلایەكی دیكەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا دوای ئەوەی شەوی رابردو چەند موشەكێك لەناوچەی سەوزی بەغدا كەوتنە خوارەوە، نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە پێشوییەكانی سەرچاوەگرتو لەخۆپیشاندانەوەكانەوە لەعێراق رایگەیاندو داوا هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی كرد.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كوژرانی خۆپیشاندەران و كەسانی نێو هێزە ئەمنییەكان بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە جێی نیگەرانییەكی زۆرە.
ئەوەشی وتوە"پێمانوایە خۆپیشاندانی ئاشتیانەو جەماوەری تۆخمێكی بنەڕەتی سەرجەم دەوڵەتە دیموكراتییەكانە، بەڵام هیچ جێیەك بۆ توندوتیژی نییە."

ئاژانسی "نۆفۆستی" روسی لەزاری وتەبێژی هاوپەیمانانەوە رایگەیاند، كردنە ئامانجی هێزەكانیان لەعێراق قبوڵكراون نییەو دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان كردوە بە لێكۆڵینەوە لەسەر كەوتنە خوارەوەی چەند موشەكێك لەناوچەی سەوز.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×