لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق خزمەتگوزاری ئینتەرنێت راگیرا
  2019-10-03       475       
ئەمڕۆ پێنجشەممە دامەزراوەی “NetBlocks” تایبەتمەند بە چاودێریکردنی پچڕان و راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت بڵاویکردەوە کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق لەنێویاندا بەغدای پایتەخت راگیراوە، ھەروەھا تێکڕای پەیوەندی ئینتەرنێتی بۆ کەمتر لە ٧٠ لەسەد دابەزیوە.

ئاوێنه‌: دامەزراوەی “NetBlocks” لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکڕای پەیوەندی بە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق بۆ کەمتر لە ٧٠ لەسەد دابەزیوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش راگیراون.

شایەنی باسە پێشتر دامەزراوەی “NetBlocks” رایگەیاندبوو کە لە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شارەکانی تر، زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت راگیراون .

جێگای ئاماژەیە بەگوێرەی دامەزراوەی “NetBlocks” لە کاتژمێر ١٢:٣٠ دوێنێ چوارشەممەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تویتەر و ئینیستاگرام و ئەوانی تر لە عێراق راگیراون، ھەروەھا بە ھۆی رێوشوێنەکانەوە زۆربەی ئەوانەی کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و تۆڕە پەیوەندییەکان لە وڵاتەکە پێشکەش دەکەن کاریگەریان لەسەر دروستبووە.

هاوکات ئەو کۆتوبەندانەی لەسەر ھێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دانراوە لە کاتێکدایە سەدان کەس بە ھۆی تەقە و رژاندنی گازی فرمێسکڕێژ لە لایەن پۆلیسەوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران برینداربوون.

لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی تر دەستیان پێ کردووە و بەو ھۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا ھێناوە، تا ئێستا ١٢ خۆپیشاندەر کە بەشێکیان لە کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکانن کوژراون لە لایەن خۆپیشاندەرانیشەوە پەلاماری بەشێک لە باڵەخانەی پارێزگاکان و بارەگا حکوومی و حزبییەکان دراوە و ئاگریان تێبەردراوە.

لە لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگری لە خۆپیشاندانەکان، ئەمڕۆ قەدەغەکردنی ھاتوچۆی لە بەغدای پایتەخت راگەیاندووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×