عادل عەبدولمەهدی ژمارەیەك بەڵێنی بە خۆپیشاندەران دا
  2019-10-04       770       

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوای سێ رۆژ لەبەردەوامی خۆپیشاندانەكان، درەنگانی شەوی رابردو لە وتەیەكدا چەند بەڵێنێكی بە خۆپیشاندەران داو  رایگه‌یاند، لە هەفتەی داهاتوه‌وه‌ بڕیار دەدەن بە بڕینەوەی موچە بۆ هەر خێزانێکی هەژار کە هیچ داهاتێکیان نیە، هه‌روه‌ها چاکسازی لە کەرتی نیشتەجێبوندا ده‌كه‌ن و هه‌لی كاریش بۆ بێكاران دابین ده‌كرێت.

 ئاوێنە: لەوتەیەكدا، عادل عەبدولمەهدی، دوای سێ رۆژ لە خۆپیشاندانە خوێناوییەكانی بەغداو چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق، داوای ئارامی له‌ هاوڵاتیان و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی گۆڕانكاری كرد.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند"به‌ره‌به‌یانی‌ هه‌ینی 4ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، كاتژمێر هه‌شت قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی عیراق هەڵده‌گیرێت، دەمانەوێت سیستەمی دیموکراسی عیراق بپارێزین و ئێستا ئێمە لە نێوان دەوڵەت و روخانی دەوڵەتداین و نابێت رێگە بدەین بەگەڕانەوەی ئەوانەی دەوڵەتیان کردبو بەسەر بازگە".

له‌ وتاره‌كه‌یدا عادل عه‌بدولمه‌هدی چه‌ند بڕیارێكی تری ده‌ركرد و وتی"لە هەفتەی داهاتوه‌وه‌ بڕیار دەدەین بە بڕینەوەی موچە بۆ هەر خێزانێکی هەژار کە هیچ داهاتێکیان نیە، هه‌روه‌ها چاکسازی لە کەرتی نیشتەجێبوندا ده‌که‌ین و هەلی کار بۆ بێکاران دابین دەكه‌ین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"پێویستە ژیان بگەڕێتەوە بۆ باری سروشتی خۆی لە هەمو پارێزگاکان و رێز لە دەسەڵاتی یاسا بگیرێت و لە خراپەکار و گەندەڵکاران نابورین".

وتیشی"چەند رۆژێک بەر لە ئێستا هه‌زار فەرمانبەری حکومەتمان داوه‌ بەدادگا بە تۆمەتی گەندەڵی".

داوایشی لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد "کە رێگەبدات بە تەواوکردنی پێکهاتەی ئەنجومەنی وەزیران و پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانەی کە هێشتا بە بەتاڵی ماونەتەوە، چونكه‌ هەندێک لایەن دەیانەوێت خۆپێشاندان بەکار بهێنن بۆ تێکدانی دەوڵەت و ئامانجە سیاسیەکانیان و ئەوەیش لە هەندێک دروشمی خۆپیشاندەرانەوە هەستی پێدەکرێت".

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌ خۆپیشانده‌رانی وت، كه‌ نایانه‌وێت بەڵێنی بەتاڵ بدەن، دڵنیابن كه‌ چاکسازیی دەکەن، تەنها ماوەیەکی کەمیان پێ بدەن بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان دواتر لێپرسینەوەیان لێبکەن، بەڵام هەندێک لە کێشەکان کەڵەکە بوی چەند ساڵی رابردوە بۆیە چارەسەری سیحرییان پێ نیە و کاتیان دەوێت بۆ چارەسەرکردنیان.


لە رۆژی سێشەممەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ، بە هەزاران كەس لە هاوڵاتیانی شارەكانی بەغداو چەند شارێكی دیكەی باشوری عێراق بە مەبەستی داواكردنی دابینكردنی هەلی كارو خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی چاكسازیی رژانە سەر شەقامەكان و لەئەنجامی پێكداهەڵپژانیان لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس قوربانییەكی زۆر لە خۆپیشاندانەكان كەوتەوە.

بەپێی دوا ئامارەكان نزیكەی 30 كەس كوژراون زیاتر لە هەزار كەسیش بریندار بون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×