ئا: ئاوێنە، BBC
بەپێی لێکۆڵینەوەو راپۆرتێكی
بنكوڵكاری كە كەناڵی BBC ئەنجامیداوە، هاوسەرگیریی نایاسایی
"موتعە"و "سیغە" كردنی كچانی منداڵو نەوجەوان بەشێوەیەكی بەربڵاو
لەناو شیعەكانی عێراقدا تەشەنەی كردوە، کە هەندێكجار كچانی 9 ساڵان بۆ پیاوان سیغە
كراون.
لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوەكراوە
ژمارەیەك پیاوانی ئایینی شیعەی عێراق لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا رێورەسمی
هاوسەرگیریی كاتیی – موتعەو سیغە – بەڕێوەدەبەن، كە بەشێكیان كچانی نەوجەوانو
منداڵن.
راپۆرتەكە ئەوە روندەكاتەوە
كە هەرچەندە بەپێی یاساكانی عێراق هاوسەرگیری – موتعە – قەدەغەیە، بەڵام ئەم رێورەسمە
لەلایەن شیعەكانەوە پەیڕەوی دەكرێو لەنێو ئەواندا ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە باوە.
لەم جۆرە هاوسەرگیریانەی
موتعەو سیغەدا كە هەندێكجار وەك هاوسەرگیری بۆ رابواردن ناودەبرێت -ژن لەبەرامبەر
وەرگرتنی بڕێك پارەی دیاریكراودا- هەندێكجار بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێک، خۆی دەخاتە
خزمەتی پیاوێكەوە لەڕوی سێکسییەوە.
بەدواداچونەكانی BBC دەریانخستوە كە ژمارەیەك پیاوانی ئایینی شیعە بەم شێوەیە كچانی كەم ساڵ بۆ پیاوان
سیغە دەكەن، كە پێچەوانەی بەڵێنەكانی دەوڵەتی عێراقە بۆ رێزگرتن لەمافەكانی منداڵانو
بەپێی یاساكانی ئەم وڵاتەش بەتاوان هەژمار دەکرێ.
بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەو
بەدواچونانەی BBC بەڵگەی ئەوە دەستكەوتوە كە هەندێكجار كچانی 9 ساڵان بۆ پیاوان سیغە
كراونو بۆ سێكس بەكارهێنراون.
یەكێك لەو ژنانەی كە لێكۆڵینەوەی
لەگەڵ كراوە، دەڵێت "پاش مردنی هاوسەرەكەم بەمەبەستی یارمەتیدان سەردانی پیاوێكی
ئایینیم كرد، ئەو ئامۆژگاری ئەوەی كردم كە سیغە بكرێم".
لەدرێژەی ئەم لێكۆڵینەوانەدا،
توێژەران كە بەروكەش وا خۆیان دەرخستوە خوازیاری هاوسەرگیریی موتعەن، پەیوەندییان
بە 10 پیاوی ئایینی شیعەوە كردوە لەكازمێن، هەشتیان بەوانیان وتوە كە ئامادەی بەڕێوەبردنی
رێورەسمی موتعە یان "هاوسەرگیریی بۆ رابواردن"ن.
یەكێك لەو ژنانەی كە لەم
لێكۆڵینەوەیەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە دەڵێت "یەكەمجار بەبێ ئەوەی بزانم كە
موتعە بۆ كاتێكی دیاریكراوەو پاش ئەو ماوەیە ئیتر ئۆتۆماتیكی جیابونەوە رودەدات،
لەگەڵ پیاوێكدا هاوسەرگیریم كرد، بەلام هاوسەرەكەم پاش بەسەربردنی ماوەی موتعەكە لەپڕ
دیار نەما، ئیتر لەدوای ئەوە بۆ بژێویی ژیانم چەندین جار سیغە كرام".
BBC ئاماژە بەوە دەكات كە بەرگریكارانی هاوسەرگیریی موتعەو سیغە، پێیانوایە ئەم جۆرە
هاوسەرگیریانەیە رێگە لە"فەساد"ی پەیوەندی سێكسی ناشەرعی نێوان ژنو پیاو
دەگرێ.
بەڵام رەخنەگرانی باوەڕیان
وایە كە كاتیی بونی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییانە زەمینەسازیی كردنە بۆ خراپ سودوەگرتنو
چەوساندنەوەی سێكسی ژنان. بەتایبەتی كچانی خێزانە هەژارو دەستكورتەكانو ئەو ژنانەی
بژێوی ژیانیان بەسەختی بۆ دابین دەكرێ زیاتر روبەڕوی ئەم مەترسییە دەبنەوە، بەبێ
ئەوەی وەك پێویست یاسا بیانپارێزێت دەبنە ئامڕازی تێركردنو دامركاندنەوەی حەزو ئاڵۆشی
پیاوان.
BBC ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەردەمی سەدام حسێندا، موتعە بەتاوان دادەنراو ئەوەی ئەنجامی
بدایە سزا دەدراو دەخرایە زیندانەوە، بەڵام لەپاش روخانی رژێمی سەدامو هاتنە سەركاری
گروپە شیعییەكان لەعێراق، ئەم رێورەسمە تەشەنەی سەند، هەرچەندە هیچ یاسایەك دانەڕێژراوە
كە مۆڵەت بەئەنجامدانی هاوسەرگیری موتعە بدات.
لەچەند ساڵی رابردودا،
بەشێك لەهێزە شیعییەكان گوشاریان بۆ دەوڵەت هێنا بۆ ئەوەی یاساكانی عێراق بەجۆرێك
هەموار بكرێنەوە كە مۆڵەت بەهاوسەرگیریی كچانی سەرو 9 ساڵ بدات، ئەمە ناڕەزاییەكی
فراوانی لەئاستی نێودەوڵەتیدا لێكەوتەوە.