"سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردوە"
  2019-10-04       873       

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەڕۆژی چوارەمی خۆپیشاندانەكاندا، هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا تەقەی راستەوخۆیان لە كۆمەڵە خۆپیشاندەرێك كردوە.

ئاوێنە: ئاژانسی فرانس پرێس، لەزاری پەیامنێرێكییەوە لەبەغدا بڵاویكردۆتەوە كە هێزە ئەمنییەكان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەقەیان لە كۆمەڵێكی بچوك لە خۆپیشاندەران كردوە كاتێك ئەو خۆپیشاندەرانە ژمارەیەك دروشمیان بەرزكردۆتەوە لەوانە وازهێنانی بەرپرسانی "گەندەڵ" و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.

پەیامنێری ئاژانسەكە وتویەتی"هێزە ئەمنییەكان راستەوخۆ تەقەیان لەو خۆپیشاندەرانە كردوە نەك بە ئاسماندا."

بەپێی ئاژانسەكە تاوەكو ئێستا لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا كە لە رۆژی سێشەممەوە دەستیان پێكردوە 33 كەس كوژران ئەوەش وێڕای ئەوەی باس لە برینداربونی زیاتر لە هەزار كەس دەكرێت.

فرانس پرێس ئاماژەی بەوەشداوە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێڵی ئینتەرنێت لە بەشێكی زۆریی عێراق نەبوە.

تەقەكردنی ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەكان لەخۆپیشاندەران لەبەغدا، لەكاتێكدایە كە عێراقییەكان چاوەڕوانی وتاری هەینی رابەری باڵای ئایینی شیعەكان، ئایەتوڵا عەلی سیستانی-ن كە بۆچونی ئەو بە یەكلاكەرەوە دەژمێردرێت لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا.

هەروەك ئەو پێشهاتە نوێیانە دوای چەند سەعاتێك لە وتەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دێن كە تێیدا جەختی لەسەر مافی خۆپیشاندەران لە داواكردنی دانانی سنورێك بۆ گەندەڵی كردەوە بەڵام باسی لەوە كرد كە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی پێویستی بە كاتە.

عادل عەبدولمەهدی وتی"هیچ چارەسەرێكی سیحریی بۆ كێشەكانی وڵات بونی نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×