بەتۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل، ئێران رۆژنامەنوسێكی روسی دەستگیردەكات
  2019-10-04       766       
یولیا یوزیك، خانمە رۆژنامەنوسی روسی

ئەندریە گانكۆ، پاشكۆی راگەیاندنی باڵیۆزخانەی روسیا لە تاران بە كەناڵی "روسیاتودەی" راگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران خانمە رۆژنامەنوسی روسی، یولیا یوزیك-یان بەتۆمەتی هاوكاریكردنی هەواڵگریی ئیسرائیل دەستگیركردوە. وەزارەتی دەرەوەی روسیاش دەڵێت، باڵیۆزی ئێرانیان لە مۆسكۆ لەسەر دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسە بانگهێشت كردوە.

ئاوێنە: كەناڵەكە لە زاری دیپلۆماتكارێكی روسییەوە بڵاویكردۆتەوە؛ لێكۆڵینەوە لەوردەكاری دەستگیركردنی ئەو خانمە رۆژنامەنوسە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەكەین كە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیركراوە.

ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەوبارەیەوە وتی"لەپەیوەست بە دەستگیركردنی یولیا یوزیك، بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران كراوە بۆ ئەوەی رونكردنەوەی خێرا بدات دەربارەی ئەوەی دەرهەق بۆ هاوڵاتییە روسییە كراوە."

ماڵپەڕە روسییەكان پێشتر بڵاویان كردبوەوە كە یولیا یوزیك لەتاران دەستگیركراوەو خراوەتە زیندان بەتۆمەتی هاوكاریكردنی هەواڵگریی ئیسرائیل كە لەئەگەری ساغبونەوەی تۆمەتەكەدا لانیكەم سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

بەپێی قسەی هاوپیشەكانی، یولیا پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە تاران وەك پەیامنێر كاری كردوەو بەم دواییانەش بە بانگهێشتێك چۆتەوە تاران، بەڵام هەركە گەیشتۆتە فڕۆكە خانە دەسەڵاتدارانی ئێران پاسپۆرتەكەیان لێسەندوەو پێیان وتوە كاتێك گەڕایەوە دەیدەنەوە.

بەپێی قسەی هاوپیشەكانی، بۆ رۆژی دواتر دەرگای ژورەكەی یولیا شكێنراوەو لەلایەن چەكدارانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە راستەوخۆ لە ئۆتێلەكەوە براوە. شەوی رابردو رێگە بە یولیا دراوە پەیوەندی بۆ ماوەی تەنها یەك خولەك پەیوەندی بە مۆسكۆوە بكات.

بەگوێرەی میدیا روسییەكان لەو پەیوەندییەدا یولیا تەنها توانیویەتی ئەوەندە بڵێت كە لەسەر زەوی لە زیندان دانیشتوەو هیچ ئامێرێكی پەیوەندی لەبەردەست نییەو رۆژی شەممە دادگایی دەكرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×