"هێزى شاراوە" گۆڕەپانى سیاسى عێراقى شڵەقاندووە
  2019-10-04       2483       

ئا: دڵشاد ئەنوەر

 

پەیامی مەرجەعیەتی باڵای شیعیەکانی عێراق بۆ خۆپیشاندەران مایەی "نائومێدی"بوو، بەو پێیەی پەیامەکە لە ئاست چاوەڕوانی ئەواندا نەبوو، دۆخی عێراقیش گەرچی ئەمڕۆ هەینی تاڕادەیەک هێور بۆتەوە، بەڵام سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەکان لەئان و ساتدایە.



لە کاتێکدا خۆپیشاندەرانی عێراق، چاوەڕوان بوون، ئەمڕۆ هەینی، مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق، کۆتایی بە ململانێی نێوانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای عێراقدا بهێنێت و بە تەواوەتی پشتگیریان بێت، بەڵام مەرجەعیەت پەیامەکەی لە"داواکاری چاکسازی و ب ەدادگایی گەیاندنی گەندەڵکاراندا" کورت کردەوە، بێ ئەوەی هیچ سەقفێکی زەمەنی دیاری بکات.

ئەحمەد سافی نوێنەری عەلی سستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، لە وتاری ئەمڕۆ هەینی دا، پەیامی مەرجەعیەتی خوێندەوە و داوای لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کرد، چاکسازی ڕاستەقینە دەستپێبکەن، هەروەک ڕەخنەشی لەدەسەڵاتی دادوەری گرت بەوەی بە کاری خۆی هەڵنەستاوە.

بەڕای چاودێران، پەیامەکەی مەرجەعیەت گەرچی پشتگیری بەشێک لە داواکاری خۆپیشادەرانی تێدابوو، بەڵام لەلایەکەی تر پشتگیری مانەوەی حکومەت بوو، هەروەها هێزە ئەمنیەکانیشی دەستکراوەتر کرد بۆ لەمپەر دروستکردن لەبەردەم خۆپیشاندەراندا.

سالار مەحمود راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، پێیوایە عێراق بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێپەڕ دەبێت، بەو پێیەی داواکاریـیەکان، داواکاری گۆڕانکاری ڕیشەین لەبەڕێوەبردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ، دەڵێت"لابردنی کۆمەڵێک بڕیار بەدەست کە رێگرن لەبەردەم چاکسازیدا و دەسەڵاتیان لایە، یەکێکی ترە لە خواستەکان."

سالار مەحمود، روونیکردەوە دەسەڵاتی عێراق کۆمەڵێک لێپێچینەوەی خێرای بەدەستەوەیە بۆ گۆڕینی بەشێک لە وەزیرەکان و دادگایـیکردنی هەندێک لەوانەی کە لەنێو دەسەڵاتدان و لای دەستەی نەزاهە دۆسیەیان هەیە، وتی"پەرلەمانیش دەیەوێت بەدواداچوونی خێرا بکات بۆ هۆکاری جێبەجێ نەکردنی ئەو بڕیارانەی لە بودجەی ساڵانەدا دراون."

هێوربوونەوەی دۆخی عێراق بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، مایەی دڵخۆشی نیـیە بۆ بەرپرسانی عێراق، بەو پێیەی شەقامی عێراقی کەوتۆتە دەست "هێزێکی شاراوە" و هەرکات بیانەوێت، بە هەزاران خۆپیشاندەر دێنێتەوە سەر شەقام.

لە هەمووشی ترسناکتر بۆ حکومەتی عێراق، توڕەیی گەنجان و خۆپیشاندەرانە، کە سڵ لە هیچ ناکەنەوە و لەنێو بەغدای پایتەختدا، بەسەدان سەربازیان چەک کردووە و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان سوتاندووە.

هەروەها خۆپیشاندانی ئەمجارەی عێراقیەکان جیاوازترە، بەو پێیەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر ڕاناوەستن، بەڵکو بەرەو ناوچەی سەوز دەڕۆن و ڕێگە سەرەکیەکان دادەخەن، ئەمە جگە لەوەی داواکاری سیاسی، تێکەڵ بە دروشم و خواستەکانیشیان بووە.

بەڕای سیاسەتمەدارانی عێراق، هیچ لایەنێکی عێراقی تا ئێستا پشتگیری خۆپیشاندەرانی نەکردووە، ئەگینا دۆخەکە دەتەقیەوە، بە تایبەت ئەوان پێیانوایە، ژمارەی راستەقینەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان دەشاردرێتەوە و گەیشتۆتە نزیکەی 100 کەس.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئاڵۆزیە سیاسیەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لەبارەی ئاڵۆزیـیەکانی عێراق، سێ بۆچوون لە نێو لایەنە شیعیەکاندا دروستبووە."

سەرچاوەکە بۆچوونەکانی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکراکرد، روونیکردەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆچوونی وایە، ئەوەی ڕوودەدات پیلانگێڕیە لەدژی و هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی، پاساویشی ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان هەر لە سەرەتاوە بە توندوتیژی دەستیانپێکردووە.

بەوتەی سەرچاوەکە، بەشێکی تر لە لایەنە شیعیەکان پێیانوایە ئەوەی ڕوودەدات مەترسیـیەکی گەورەیە لەسەر عێراق و دەستی وڵاتانی زلهێزشی لە پشتەوەیە، وتی"بەشێکی تر لە شیعەکان وا لە دۆخەکە دەڕوانن، ناڕەزایەتیـیەکان دەرئەنجامی گەندەڵی و ناعەدالەتی و خراپی دۆخی خەڵکن."

بەپێی زانیاریەکان، لایەنە شیعیەکان گفتوگۆیان لەسەر دۆخی عێراق کردووە، چەند سیناریۆیەکیان بۆ حاڵەتی درێژەکێشانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیـیەکان داڕشتووە.

یەکێک لە سیناریۆکان دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی یە لە پۆستەکەی و دانانی کەسێکی ترە، بەو مەرجەی سێ مانگ بەو کەسە بدرێت، تا چاکسازی بکات و شەقام لە حکومەت ڕازی بکات، بەڵام "عادل عەبدولمەهدی ئامادەی دەست لەکارکێشانەوە نیـیە."

سیناریۆیەکی تر کە تەنها باسکراوە و لەگەڵ خۆیدا گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە، ئەوەیە کە دوای دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، دەسەڵاتەکانی بدرێتە سەرۆک کۆمار و ئەو سەرپەرشتی پـرۆسەی چاکسازی بکات، تا ئەوکاتەی شیعەکان کەسێکی تر دادەنێن.

لە کاتێکدا گفتوگۆی نێوخۆیی شیعەکان بەردەوامی هەیە، بڕیارە سبەینێ شەممە، پەرلەمانی عێراقیش بۆ تاوتوێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کۆببێتەوە، ئەگەرچی تەواوبوونی نیسابی یاسایی قورسە. بەتایبەت موقتەدا سەدریی سەرۆکی رەوتی سەدر، داوای لەپەرلەمانتارەکانی کرد، ئەندامێتی خۆیان هەڵپەسێرن، تائەوکاتەی حکومەت چاکسازی دەکات.

جەمال ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەینێی پەرلەمان، بە دەنگی ئەمەریکای وت"گەر خۆپیشاندانەکان بەهێز بن و حکومەت بەردەوام بێت لەسەر لێپێچینەوە توندەکانی، ڕەنگە کۆبوونەوەی سبەینێ سەر نەگرێت."

وتیشی"گەر دۆخەکە هێور ببێتەوە، پەرلەمان کۆ دەبێتەوە، نوێنەری خۆپیشاندەران بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان بانگ دەکرێن، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبن بە داواکاریـیەکانیان."

چاوەڕوان دەکرێت وەکو وەڵام دانەوەیەکی خێرا بۆ داواکاریـیەکانی شەقام، عادل عەبدولمەهدی نزیکەی 7 وەزیری کابینەکەی بگۆڕێت، کە ڕەنگە ئەم گۆڕانکاریـیانەش مشت‌ومڕیان لێبکەوێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی کە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات، رایگەیاند"حکومەت بۆ یەکەمجارە بەرنامەیەکی بە ژمارەوە بۆ چاکسازی پێشکەشکردووە و ئەمەش تەنیا قسە نیە بۆ فریودانی میللەت."

ئامادەیی خۆشی بۆ کارکردن لەگەڵ هەرکەس و لایەنێک نیشاندا کە بیەوێت چاکسازی بکات.

 

لە"دەنگی ئەمەریکا"وە وەرگیراوە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×