جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتارانی‌ سائیرین‌و میحوەر ئه‌ندامێتیان لەپەرلەمانی عێراق هەڵپەسارد
  2019-10-04       708       
حه‌سه‌ن كه‌عبی‌، جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق
جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتارانی‌ هاوپەیمانیی سائیرین‌و میحوەر ئه‌ندامێتیان لەپەرلەمانی عێراق هەڵپەسارد، تا ئەو كاتەی حكومەت بەرنامەی چاكسازیی پێشكەش دەكات‌و هاوڵاتیان لێی رازی ده‌بن.

ئاوێنه‌: دوابه‌دوای‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ موقته‌دا سه‌در، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌سه‌ن كه‌عبی‌، جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كه‌ سه‌ر به‌ڕه‌وتی‌ سه‌دره‌ له‌هاوپه‌یمانی‌ سائیرون، كاره‌كانی‌ له‌په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌سارد تا ئەو كاتەی حكومەت بەرنامەی چاكسازیی پێشكەش دەكات‌و هاوڵاتیان لێی رازی ده‌بن.

پێشتر موقتەدا سەدر، ڕێبه‌ری‌ رەوتی‌ سەدر نوسراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ هاوپەیمانی‌ سائیرون كردو داوای‌ کرد بەپەلە بڕیاری‌ بایکۆتکردنی‌ دانیشتنی‌ سبەی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بدەن.

سەدر ده‌ڵێت، تا ئەو کاتەی‌ بەرنامەی‌ حکومەت دەردەچێت‌و گەل‌و مەرجەعییەت لێی‌ رازی‌ بێت، نابێت بەشداری‌ دانیشتنی‌ پەرلەمان بکەن.

سەدر داوا له‌تەواوی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ فراکسیۆنەکانی‌ تری‌ پەرلەمان ده‌كات كه‌ لەپێناو "رەزامەندی‌ خواو گەل‌و مەرجەعییەت‌و کۆتایی‌ بەزوڵم‌و ستەمی‌ سەر ئەم میللەتە بێنن‌و پابەندی‌ ئەم بڕیارە بن".

ئێواره‌ی‌ ئه‌مرۆش دوای‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ سه‌در، په‌رله‌مانتارانی‌ هاوپه‌یمانی‌ سائیرونی‌ سه‌ر به‌ڕه‌وتی‌ سه‌درو هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی‌ ئه‌ندامێتیان لەپەرلەمانی عێراق هەڵپەسارد.

هه‌ردو هاوپه‌یمانێتیش مه‌رجی‌ ئه‌وه‌یان بۆ حكومه‌تی‌ عێراق داناوه‌ كه‌ بەرنامەیه‌كی چاكسازیی پێشكەش بكات‌و هاوڵاتیان لێی رازی بن.

بڕیارە سبەی شەممە پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی تایبەت بەخۆپیشاندان‌و داواكاری خۆپیشاندەران ئەنجامبدات.

لەرۆژی سێشەممە 1/10/2019وه‌ خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی هاوڵاتیان له‌شاری‌ به‌غداو چه‌ند شارێكی‌ دیكه‌ی‌ عێراق ده‌ستیپێكردوه‌، خۆپیشانده‌ران داوای‌ باشترکردنی دۆخی ژیانیان‌و رەخساندنی ھەلی کارو نەھێشتنی بێکاریی‌و گەندەڵی کارگێریی‌و دارایی لەدامودەزگاکانی دەوڵەتدا ده‌كه‌ن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×