سەدر: با حكومەت دەست لەكاربكێشێتەوە
  2019-10-04       414       
موقتەدا سەدر

موقتەدا سەدر رێبه‌ری‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات‌و ده‌ڵێت، با حكومەت دەست لەكاربكێشێتەوە.

ئاوێنه‌: موقتەدا سەدر له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌، وەك ڕێزێك بۆ  خوێنێ ڕژاوی خۆپیشاندەران با حكومەت دەست لەكاربكێشێتەوە.

داواش ده‌كات كه‌ هەڵبژاردنێكی پێشوەخت ئەنجامبدرێت بەچاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان، "چونكە ئەوەی ڕودەدات لەڕژانی خوێنی خۆپیشاندەران قبوڵكراو نیە."

هه‌ر ئه‌مرۆ رێبه‌ری‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در داوای‌ له‌په‌رمانتارانی‌ هاوپه‌یمانی‌ سائیرون‌و په‌رله‌مانتارانی‌ فراکسیۆنەکانی‌ دیكه‌ی‌ پەرلەمان كرد كه‌ لەپێناو "رەزامەندی‌ خواو گەل‌و مەرجەعییەت‌و کۆتایی‌ بەزوڵم‌و ستەمی‌ سەر ئەم میللەتە بێنن‌و پابەندی‌ ئەم بڕیارە بن".

لەرۆژی سێشەممە 1/10/2019وه‌ خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی هاوڵاتیان له‌شاری‌ به‌غداو چه‌ند شارێكی‌ دیكه‌ی‌ عێراق ده‌ستیپێكردوه‌، خۆپیشانده‌ران داوای‌ باشترکردنی دۆخی ژیانیان‌و رەخساندنی ھەلی کارو نەھێشتنی بێکاریی‌و گەندەڵی کارگێریی‌و دارایی لەدامودەزگاکانی دەوڵەتدا ده‌كه‌ن.

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافەکانی‌ مرۆڤ، لەچوار رۆژی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ عێراقدا 38 کەس کوژراون‌و ده‌یانی‌ دیكه‌ش برینداربون.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×