هەسەدە هۆشداریی لە "شەڕی سەرتاسەری" دەدات ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر رۆژهەڵاتی فوڕات
  2019-10-05       1374       

هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) هۆشداری دەدەنە هەڵگیرسانی "شەڕێكی سەرتاسەری" دەدەن ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هەڕەشەكانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات لەسوریا جێبەجێ بكات.

ئاوێنە: كینۆ كیبرائیل، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات لەسوریا ئەنجام بدات ئەوا  شەڕڤانان بوار لەبەردەم "شەڕێكی سەرتاسەری"دا دەكەنەوە كە ناوچەكە دەگێڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی 2012.

وتەبێژەكەی هەسەدە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "سكای نیوزی عەرەبی"، ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیەی توركیا باسی دەكات بەتەواوی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەو راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر هەوڵەكانی شەڕڤانان بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ شەممە، ئەردۆغان رایگەیاند، وڵاتەكەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەڕێی وشكانی و ئاسمانییەوە بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات ئەنجام دەدەن.

وتیشی"ئامادەكارییەكانمان تەواو كردون و پیلانەكانی ئۆپەراسیۆنەكەمان داناون و رێنمایی پێویستمان داوە." و ئەگەری هەیە ئۆپەراسۆنەكە "ئەمڕۆ یان سبەی" دەست پێبكات.

 ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنكەرەو واشنتۆن رێككەوتن لەسەر دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی لەسەر سنوری نێوان توركیاو سوریا لەناو خاكی سوریا بەڵام ئەنكەرە لە بەڕێوەچونی پڕۆسەكە رازی نییە و ناوبەناو هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات دەكات كە لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایەو لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×