حەلبوسی ناوەڕۆكی راسپاردەكانی پەرلەمان و نوێنەرانی خۆپیشاندەران بۆ حكومەت ئاشكرادەكات
  2019-10-05       850       

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران گەیشتونەتە چەند راسپاردەیەك بۆ حكومەت، لەوانە راگرتنی هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەكان و دابینكردنی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبون بۆ ئەوانەی زیادەڕۆییان كردوەو هەڵوەشاندنەوە یاخود سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان و بەهەمیشەیی كردنی ئەو فەرمانبەرانەی كە بە گرێبەست دامەزراون.

ئاوێنە: محەمەد حەلبسی، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران، گەیشتونەتە چەند راسپاردەیەك كە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوە یاخود سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئێستایە و بەشێوەیەك لەبری ئەوان پەرلەمان یاخود سەرۆكی حكومەتی رۆڵی چاودێری لەسەر پارێزگارەكان ببینێت تاوەكو هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشدا كە دەستور مافی نیشتەجێبونی بە هەمو هاوڵاتییەك داوەو وتیشی"ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بە زیادەڕۆیی شوێنی نیشتەجێبونیان لە وڵات دروستكردوە بەهۆی دۆخی جیاجیاوە بۆیە راگرتنی هەڵمەتی لابردنی ئەو زیادەڕۆییانە رادەگەیەنین."

ئەوەشی خستەڕو كە پەرلەمانی پێشنیاری كردوە 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبون دروست بكات و جەختیشی كردەوە كە "هیچ شوێنێكی زیادەڕۆ لا نابرێت تاوەكو بەدیلی بۆ هاوڵاتیان نەدۆزرێتەوە."

محەمەد حەلبوسى ئاماژەى وتیشی"زیاتر لە ملیۆنێک و 250 هەزار کەس هیچ سەرچاوەیەکى ژیانیان نییە وهەوڵمانداوە لەڕێگەى وەزارەتەکانەوە هەلى کار زیاد بکەین".

ئاماژەى بەوەشکرد، لە مانگى داهاتوەوە موچە بۆ خێزانە هەژارەکان دابین دەكەین، ئەو خێزانانەى  کە هیچ موچەخۆرێکی حكومی یان سەرچاوەیەکى داهاتییان نیە.

ئەوەشی خستەڕو كە بڕێک پارە لە کەسە پلە تایبەتەکان دەبڕدرێت لە سندوقێکدا بۆ دەرچوانى زانکۆو پەیمانگاکان لە ساڵى داهاتوەوە خەرج دەکرێت.

حەلبوسى وتیشى"لەمڕۆوە مەرجى نوێ بۆ کۆمپانیاکانى بوارى نەوت و کەرتەکانى تر دادەنێین و پابەندیان دەکەین بە دامەزراندنى هەڵگرانى  بڕوانامەکانى دکتۆرا و ماستەر لەگەڵ دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان و رەخساندنى هەلى کار بۆیان لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات."

حەلبوسى باسى لەوەشکرد، كردنەوەی دەرگا بەروی گەنجاندا بۆ چونە ناو هێزەكانی سوپا و پۆلیس و گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی لەناو ریزەكانی سوپاو پۆلیس دەرکراون.

وتیشى"بڕیاردراوە موچەی سەرجەم خانەنشینان هەمواربكرێتەوە بەبێ جیاوازیی".

باس لەوەش كرد كە بڕیاردراوە بە چالاكردنی ئەنجومەنی راژەی فیدراڵی بەمەبەستی دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر كەرتی گشتی و تایبەت بەشێوەیەك كارمەندانی كەرتی تایبەتیش لە موچەی خانەنشینی سودمەندبن.

هەروەها وتیشی كە بڕیاردراوە، فەرمان  بە هێزە ئەمنیەكان بكرێت هەمو كردەوەیەكی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران رابگرن و بەزوترین كات خۆپیشاندەرانی دەستگیركراو ئازادبكرێن.

باسی لەوەشكرد كە یەكێكی دیكە لە راسپاردەكان ئەوەیە لە هەمو ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی بەشێوەی گرێبەست دامەزراون بكرێن بە هەمیشەیی ئەوەش لەرێگەی دابینكردنی شایستە بۆیان لە بودجەی 2020دا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×