حەلبوسی: دەچمە سەر شەقام و بەشداری دەكەم لە خۆپیشاندانەکان
  2019-10-06       455       
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ''دەچمە سەر شەقام و بەشداری دەكەم لە خۆپیشاندانەکان، ئەگەر حكوومەت داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكات''.

ئاوێنه‌: حەلبوسی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان كە لە رۆژی سێشەممەی رابردووە لە بەغداد و چەند شارێكی باشووری عێراق ئەنجام دەدرێن بۆ رۆژنامەوانان دوا.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران كرد كە بۆ تاوتوێكردنی داواكارییەكانیان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە بن.

محەمەد حەلبوسی داوای لە حكوومەت كرد كە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات و وتی، ''ئەگەر داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكرێت، ئەوا دەچمە سەر شەقام و بەشداری دەكەم لە خۆپیشاندانەکان''.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەیە بە هەمواركردنی وەزارییدا بچێتەوە ئەگەر سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی داوایەك لەوبارەوە پێشكەش بكات.

پێشتر محەمەد حەلبوسی داوای لە حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی كرد ئەو كەسانە دەست نیشان بكات كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داواشی لە خۆپیشاندەران كردبوو كە بەردەوام بن لە داواكارییە رەواكانیان و دوور بكەونەوە لە پێكهەڵبرژان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و لە میاندا پێكداهەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.

بەپێی ئامارەكان، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٠ كەس.

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×