دەقی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەوەڵامی داخوازییەكانی خۆپیشاندەراندا
  2019-10-06       1667       

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، 17 بڕیاری دەركرد، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داخوازییەكانی خۆپیشاندەران.

ئاوێنە: درەنگانی شەوی رابردو، لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبونەوەیەكی نائاسایی گرێدا.

بەپێی بەیاننامەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران لە كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران 17 بڕیاری وەك بەشی یەكەمی بڕیارەكان بۆ وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران دەركردوە.
دەقی وەرگێردراوی بڕیارەكان پێكدێن لە:

1. كردنەوەی دەرگای پێشكەشكردنی بۆ دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبون بۆ ئەوانەی داهاتێكی سنورداریان هەیەو هەروەها چەند توێژێكی دیكە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی لە سەرجەم پارێزگاكان.

2. دابەشكردنی 17 هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبون بۆ ئەو كەسانەی شایستەو خاوەن داهاتێكی سنوردان لە پارێزگای بەسرە لەماوەیەكی دیاریكراودا كە لە چوار هەفتە تێپەڕ نەكات.

3. ئامادەكردن و جێبەجێكردنی بەرنامەی نیشتمانی نیشتەجێكردن كە دروستكردنی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبون كە دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا لەخۆدەگرێت و پێدانی ئەولەویەت بەو پارێزگاو ناوچانەی زیاتر هەژارن.

4. سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لیژنە دروست دەكەن بۆ ناونوسكردنی ئەو خانەوادانەی كە هەژارن لە پارێزگاكانیاندا لەوانەی كە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەی دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبون بیانگرێتەوە، لەماوەی دو هەفتەدا ناوەكانیان بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەكرێتەوە.

5. وەزارەتی دارایی پاڵپشتی زیاتری سندوقی نیشتەجێبون دەكات لەپێناو زیاتركردنی ژمارەی ئەو كەسانەی لەو سندوقە قەرز وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن یەكەی نیشتەجێبون لەسەر ئەو پارچە زەویانە دروست بكەن كە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت و ئەوەش لە بودجەی 2020 مسۆگەر بكرێت، قەرزەكانیش بەخشراو دەبن لە سود بەپێی یاسای سندوقەكە.

6. 150 هەزار كەس لەوانەی پەككەوتەن و توانای كاركردنیان نییە مانگانەیەكیان بە بڕی 175 هەزار دینار بۆ هەر كەسێك و بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ دەبڕدرێتەوە، كە كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆیان تەرخان دەكرێت 78 ملیار و 500 ملیۆن دینار دینار دەبێت.

7. دروستكردنی كۆشكی بازرگانی نوێ لە ناوچە بازرگانییەكانی بەغداو پارێزگاكانی دیكەو دابەشكردنیان بەسەر ئەو كەسانەی لە خاڵی پێشوتردا باسكراون و لەماوەی سێ مانگداو بە بڕی شەش ملیار دینار و پێویستە خاوەنی كۆشكەكە بەڵێننامە بدات كە دوان لەوانەی بێكارن لەوێ دەخاتە سەر كار لەپێناو زامنكردنی دابینكردنی لانیكەم 450 هەزار هەلی كار بۆ هاوڵاتیان لەگەڵ رەچاوكردنی پێدانی ئەولەویەت بەو كەسانەی كە كۆشكەكانیان لابراون.

8. دانانی بەرنامەیەك بۆ راهێنان و تواناداركردنی ئەو كەسانەی بێكارن بەڵام توانای كاریان هەیە و بەرنامەكە راهێنانی 150 هەزار گەنجی دەرچو یاخود ئەوانەی دەرچو نین دەگرێتەوەو لەگەڵ ئەوەش لەماوەی راهێنانەكەدا بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانەیەكیان بە بڕی 175 هەزار دینار بۆ هەر كەسێك دەبڕدرێتەوە كە كۆی گشتی دەكاتە بڕی هەشت ملیارو 500 ملیۆن دینار لەپێناو تواناداركردنیاندا، پاشان ئەوانەی كە ئەو خولانەی راهێنان بەسەركەوتویی دەبڕن لەو كۆمپانیایانەی وەبەرهێنان كاریان بۆ دەدۆزرێتەوە كە لەعێراق كاردەكەن.

9. ئەوانەی بەسەركەوتویی خولەكانی راهێنان تەواو دەكەن، لە سندوقی قەرزەكانی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی یاخود لەڕێگەی دەستپێشخەری بانكی ناوەندییەوە بۆ پێدانی قەرز بە گەنجان قەرزێكی گونجاویان پێدەدرێت بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی مامناوەند یاخود بچوك كە نزیكەی یەك ترلیۆن دیناری بۆ دابین دەكرێت.

10. ئەوانەی بێكاران و بەشداری بەرنامەی راهێنانەكانیان كردوە یاسای خزمەتگوزارییە پیشەسازییەكان دەیانگرێتەوە ئەوەش بە پێدانی پارچەیەك زەوی كە بۆ پڕۆژەیەكی پیشەسازی بەكاری بهێنن لەگەڵ ئەوەش هەمو ئیمتیازاتێك كە لەو یاسایەدا هاتوە دەیانگرێتەوە.

11. لەڕۆژی 15/10/2019ەوە وەزارەتی بەرگری دەرگای ناونوسكردنی خۆبەخش بۆ گەنجانی تەمەن 18 بۆ 25 ساڵ دەكاتەوە ئەوەش لەڕێگەی پێگەی ئەلكترۆنییەوە یاخود ناوەندەكانی وەرگرتن لە پارێزگاكان.

12. وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی هەڵدەستن بە گرتنەبەری رێكاری یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی كە گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە لەسەرجەم پارێزگاكان.

13. وەزارەتی پەروەردە رێكاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ وانەبێژانی خۆبەخش و دانانی شایستەی دارایی پێویست لەچوارچێوەی بودجەی 2020دا بەپێی پێویستی و پسپۆڕی.

14. وەزارەتی كشتوكاڵ هەڵدەستێت بە لێخۆشبوونی جوتیاران لەو پارەی لایانە كە بەهۆی بەكرێ گرتنی زەویەوە چوه‌تە سەر شانیان تا 31/12/2019.

15. پارێزگاكان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی سەربە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەست دەكەن بە ئامادەكردنی لیستی ناوی ئەو خێزانانەی كە سایشتەن و بەڵام بێبەشن لەو تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی بەمەبەستی ئەوەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتیان بۆ ببڕێتەوەو ئەوەش 600 هەزار خێزان دەگرێتەوە.

16. قوربانیانی خۆپیشاندانەكان لە خۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەكان بە شەهید هەژماردەكرێن و یاسا بەركارەكان دەیانگرێتەوەو خانەوادەكانیان موچە و ئیماتیازاتەكانی شەهیدان دەیانگرێتەوە.

17. وەزارەتی تەندروستی چارەسەر بریندارانی لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان و سەرجەم پێداویستییەكانیان لەسەر ئەركی حكومەت لەئەستۆدەگرێت لەوانەش چارەسەركردن لەدەرەوەی وڵات ئەگەر پێویست بێت.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە بەپێی تایبەتمەندیان. هەروەك ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تاوتوێكردنی بەشی دوەمی بڕیارەكانی پەیوەست بە چاكسازی و داخوازییەكانی خۆپیشاندەران لە دانیشتنی داهاتوی خۆیدا، هەروەها بەردەوام بون لەسەر دەركردنی بڕیاری پێویست لە دانیشتنەكانی دواتردا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×