وەزارەتی ناوخۆی
عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاماری رەسمی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی بەغداو شارەكانی
دیكەی خواروی عێراق لەماوەی شەش رۆژی رابردودا ئاشكراكرد.
ئاوێنە: سەعد
مەعن موسەوی، وتەبێژی وەزارەتەكە، ئیوارەی ئەمڕۆ، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكانی شەش رۆژی رابردوی بەغداو شارەكانی دیكەی باشوری
عێراقدا، 104 كەس كوژراون و زیاتر لە شەش هەزارو 100 كەسیش بریندار بون.
سەعد مەعن،
"چەند دەستپێكی پیس"ی تۆمەتباركرد بە كوشتنی ئەو كەسانە لە
خۆپیشاندانەكاندا كە لەنێو كوژراوەكاندا خۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەكان بونیان هەیە.
بەڵام ئەو "دەستە پیسانە"ی دیاری نەكردن و ئاماژەی بەوەشدا كە دەستیان
كردوە بە لێكۆڵینەوە دەربارەی ئەوانەی لەپشت كردنە ئامانجی خۆپیشاندەرانەوە بون.
هەروەك ئەوەشی
خستەڕو كە خۆپیشاندانەكاندا 51 باڵەخانەی گشتی و هەشت بارەگای حزبە سیاسییەكان لەلایەن
خۆپیشاندەرانەوە سوتێنراون.
هەروەها جەختیشی كردەوە كە وەزارەتەكەیان
دەستی كردوە بە لێكۆڵینەوە لەو دەستدرێژیانەی كراونەتە سەر دەزگاكانی راگەیاندن.
هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە وتەبێژی
وەزارەتی بەرگری عێراق، داوای لەو كەسانە كرد لەماوەی رابردودا گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە،
دوبارە پەیوەندی بكەنەوە بە هێزە چەكدارەكانەوە.
ئەوەش
لەكاتێكدایە كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا درەنگانی شەوی
رابردو، 17 بڕیاری وەك وەڵامێك بۆ داخوازییەكانی خۆپیشاندەران دەركردن.
هەژماركردنی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بە
شەهید و هەروەها كردنەوەی دەرگای وەرگرتنی خۆبەخش لە سوپاو وەرگرتنەوەی ئەو
كەسانەی گرێبەستەكانیان لەسوپا هەڵوەشێنراوەتەوە بەشێك بون لە بڕیارەكان.