وەزارەتی بەرگریی عێراق: دەیان هەزار سەربازی لەکار دوورخراوە دەگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان
  2019-10-07       926       
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، بڕیاریداوە بە گەڕانەوەی دەیان هەزار سەربازی لەکار دوورخراوە بۆسەر ئەرکەکانیان.

ئاوينه‌: عەمید یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە بەغدا ئەنجامیدا، رایگەیاند، ''وەزارەتی بەرگریی، ١٠٨ هەزار سەربازیی لەکار دوورخستبووەوە کە لەدوای پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی باکووری وڵات لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەرکەکانیان جێهێشتبوو''.

شایەنی باسە یەحیا رەسوڵ وتیشی، ''لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، وەزارەتی بەرگریی بڕیاریدا بە گەڕانەوەی ئەو سەربازانە بۆسەر ئەرکەکانیان''.

هاوکات ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق وەک هەوڵێکە بۆ رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ بێکاران و هێورکردنەوەی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی باشووری عێراقی گرتووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و پێكداهەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.

هەروەها خۆپیشاندەران هێزەكانی حكوومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هێزە ئەمنییەکان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام هێزەكانی حكوومەت بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لە میانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەكان.

بەپێی دوایین ئامار کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێڕاق بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ كەس.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×