کۆشکی سپی: تورکیا بەم زووانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری سووریا دەستپێدەکات
  2019-10-07       843       
کۆشکی سپی رایگەیاند ''بەم زووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا دەستپێدەکات، بەڵام ئەمریکا نە هاوکاری دەبێت، نە رێگریشی لێدەکات''.

ئاوێنه‌: لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، کە شەوی رابردوو یەکشەممە 6-10-2019 ئەنجام درا، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاند: ''بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێدەکات''.

راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەداوە، هێزەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروست ناکەن.

هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا خەلافەتی داعشی لە ناوچەکەدا تێکشکاند. بەڵام چیدیکە ئامادەیی لەو ناوچانە نابێت کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت و هەروەها تورکیاش بەرپرس دەبێت لەو چەکدارە داعشانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لە ناوچەکە دەستگیرکراون.

شەوی رابردوو ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندییه‌کی تەلەفۆنییان ئەنجام دا، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، ''نەهێشتنی ئەو هەڕەشانەی لە یەپەگەوە سەرچاوەیان گرتووە و زەمینەسازی بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووری، مەرجی سەرەکین بۆ دروست کردنی ناوچەی ئارام''.

هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، ترەمپ و ئەردۆغان رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە مانگی داهاتوو لە واشنتن کۆببنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×