2019-10-07   956     
فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وەک ئاماژەیەک بۆ خۆپیشاندانەکان، رایگەیاند ''دژبە بەو هەوڵانە دەجەنگن کە بۆ رووخاندنی وڵاتەکەیان دەدرێن''.
ئاوێنه: فەیاز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی، ''کاردەکەین لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵی و دژبە بەو هەوڵانەش دەجەنگین کە بۆ رووخاندنی وڵاتەکەمان دەدەرێن، هەروەها بەرگریی لەو دەستوورەش دەکەین کە بە خوێن و قوربانییدان بەدی هاتووە''.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بەوەیشکرد کە هێزە چەکدارەکان بەدوورن لە هەر ناکۆکێکی سیاسی لە عێراق و تەنها بەرگریی لە دەستوور و وڵات دەکەن و هیچ پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نییە.
فالح فەیاز باسی لەوەیشکرد کە لە ماوەکانی داهاتوودا، لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەڵمێنن کە کێ لە پشت رووداوەکانی کوشتن و توندوتیژییەوەیە لە میانی خۆپیشاندانەکاندا و جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە رێگە بە هیچ کەسێک نادەن یاری بە ئاسایشی گەلی عێراقەوە بکات.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وتیشی، ''دەزانین کێ لە پشت خراپەکارانەوەیە لە خۆپیشاندانەکاندا، پلان داندرابوو بۆ بەئامانجکردنی عێراق''، بێ ئەوەی ئەو لایەنانە ئاشکرا بکات.
لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێکاری و خراپی خزمەتگوزارییەکان شاری بەغدا و چەند شارێکی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و پێکداهەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویداوە.
خۆپیشاندەران هێزەکانی حکوومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام هێزەکانی حکوومەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لە میانی خۆپیشاندانەکاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەکان.
بەپێی دوایین ئامار کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ کەس، هەروەها شەش هەزارو ١٠٧ی دیکە برینداربوون.