ترەمپ: توركیا لەسنور دەربچێت ئابورییەكەی لەناودەبەم
  2019-10-07       1903       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، دوای ئەوەی پێشتر لەزنجیرەیەك تویتدا بەرگری لە بڕیاری ئیدارەكەی كرد بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریا، كەمێك لەمەوبەر لە دو تویتی نوێدا هۆشداری دەداتە توركیا ئەگەر لە سنور دەربچێت ئەوا ئابورییەكەی تێكدەشكێنێێت.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، كەمێك لەمەوبەر، لە دو تویتی نوێدا لەهەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند"وەك پێشتر بەتوندی وتومەو تەنها دوبارەی دەكەمەوە، ئەگەر توركیا هەر كارێك بكات، كە من بەم حیكمەتە مەزنەی خۆمەوە كە بێهاوتایە، بە دەرچون لە سنوریی بزانم، ئەوا ئابوری توركیا تێكدەشكێنم و لەناوی دەبەم(وەك پێشتر كردومە.)"

سەرۆكی ئەمریكا وتوشیەتی"پێویستە لەسەر توركیا، لەگەڵ ئەوروپاو ئەوانی دیكەدا چاودێری چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش و خانەوادەكانیان بكەن. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەوەی هەر كەسێك چاوەڕێی دەكات زیاتر كردوە، لەوانە كۆنترۆڵكردنی لەسەدا 100ی خەلافەتەكەی داعش. ئێستا كاتی ئەوانی دیكەیە لەناوچەكە، ئەوانەی كە سەروەتێكی زۆریان هەیە، كە خاكەكەی خۆیان بپارێزن."

ئەو دو تویتەی دۆناڵد ترەمپ، دوای نزیكەی سێ سەعات لە زنجیرەیەك تویتی دێن كە تێیدا بەرگری لە بڕیاری ئیدارەكەی كردبو بۆ كشاندنەوەی هێزەكانیان لە باكوری سوریا.

ترەمپ لەو زنجیرە تویتانەیدا وتبوی"دەبو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ ماوەی تەنها 30 رۆژ لە سوریا بمابایەتەوە، بەڵام ماینەوەو زیاتر لە جەنگەكەدا قوڵ بوینەوە بەبێ هیچ ئامانجێك لە ئاسۆدا."

وتبوشی"كاتێك هاتمە سەر حوكم چەكدارانی داعش بەشێوەیەكی بەربڵاو لەناوچەكە بونیان هەبو، بەخێرایی خەلافەتەكەی داعشمان لەسەدا 100 تێكشكاندو هەزاران چەكداری داعشمان دەستگیركردن كە زۆربەیان خەڵكی ئەوروپان."

ئەوەشی خستبوەڕو"كوردەكان شانبەشانی ئێمە جەنگان، بەڵام پارەیەكی زۆرو كەسەرەتیەكی سەربازی زۆرمان پێدان بۆ ئەو جەنگە. كوردەكان ماوەی چەند دەیەیەكە شەڕی توركیا دەكەن، من ئەو شەڕەم بۆ ماوەی سێ ساڵ راگرت، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە لەو جەنگە بێماناو بێكۆتاییە بێینە دەرەوەو سەربازەكانمان بگەڕێنینەوە بۆ وڵات."

هەروەك وتبوشی"دەكەوێتە سەر توركیاو ئەوروپاو سوریاو ئێران و عێراق و روسیاو كوردەكان كاربكەن بۆ چارەسەری كێشەكەو ئەوەی چی لە چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش دەكەن كە لەپەنایاندا لەزینداندان. ئەوان هەمویان رقیان لەداعشەو ساڵانێكە دوژمنیانە."

هەروەها وتبوشی"ئێمە لێرەین لە دوری حەوت هەزار میل، داعش تێكدەشكێنین ئەگەر نزیك ببێتەوە لێمان."

شەوی ڕابردو کۆشکی سپـی دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کرد. بەمزوانە تورکیا بەرەوپـێشەوە هەنگاو دەنێت لە پلانە لە مێژینەکەی بۆ باکوری سوریا.

 هێزەکانی ئەمەریکا پشتیوانی یان بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن، هێزەکانی ئەمەریکا لە پاش ئەوەی خەلافەتی داعشیان نەهێشت، چیتر لەو ناوچەیە نابن."

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە هێزەکانی ئەمریكا لە خاڵە سنورییەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لەباكوری سوریا و لەسەر سنوری تورکیا کشانەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×