بەریتانیا نیگەرانە لەپلانی‌ تورکیا بۆ ئەنجامدانی‌ ئۆپەراسیۆن لەباکوری‌ سوریا
  2019-10-08       872       
حكومه‌تی‌ بەریتانیا نیگەرانە لەپلانی‌ تورکیا بۆ ئەنجامدانی‌ ئۆپەراسیۆن لەباکوری‌ سوریا -رۆژئاوای‌ كوردستان- و هۆشدارییش ده‌داته‌ ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ نابێت تاکلایەنه‌ پەنا بۆ هیچ کردەیەکی سەربازیی ببات،

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی‌ ڕۆیتەرز لەزاری وتەبێژی بۆریس جۆنسیۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ بەریتانیا زۆر نیگەران‌و دودڵە لەپلانی‌ تورکیا بۆ ئەنجامدانی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ سەربازیی‌ لەباکوری‌ سوریا.

لەبارەی‌ بڕیارەکەی‌ ترەمپ بۆ کشاندنەوەی‌ هێزەکانیان لەباکوری‌ سوریا، وتەبێژەکەی‌ جۆنسۆن وتویەتی‌، ئەوە بابەتێکە پەیوەستە بەئەمەریکا خۆیەوە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئەندریۆ موریسۆن، وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووه‌، ئەوەمان بەڕونی بەتورکیا ڕاگەیاندووە کە نابێت تاکلایەنانە پەنا بۆ هیچ کردەیەکی سەربازی ببات.

موریسۆن پیشبینی كردووه‌ هه‌ر كرده‌یه‌كی‌ سه‌ربازیی توركیا له‌سوریا ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکەو هەڕەشە لەو هەوڵە بەردەوامانە دەکات کە بۆ لەناوبردنی داعش دەدرێن.

رۆژی‌ 6/10/2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری‌ توركیا ئه‌نجامدا، دواتر کۆشکی سپی لەراگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێدەکات. هێزەکانی ئەمریکا بەشداریی لەئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن‌و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن.

پاش ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، دۆناڵد ترەمپ لەزنجیرەیەك تویتدا بەرگری لەبڕیاری ئیدارەكەی كرد بۆ كشاندنەوەی هێزەكانیان لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریاو ڕایگه‌یاند، "كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەو شەڕە بێكۆتاو گاڵتەجاڕییە بهێنین، سەربازەكانمان دەگەڕێنینەوەو ئەوكاتە شەڕدەكەین كە لەقازانجی خۆمان بێت، ئەگەر جارێكی دیكە داعش نزیكی ئێمە بێتەوە تێكیدەشكێنینەوە".

سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری‌ هێرشی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای‌ كوردستان، تره‌مپ وتی‌، "كورد شەڕی بۆ ئێمە كرد، بەڵام ئێمە پارەیەكی زۆرمانداو پێویستییەكانمان دابینكردن، ئەوان بۆ چەندین دەیە شەڕی توركیا دەكەن، بەڵام من ئەم شەڕەم بۆ ماوەی سێ ساڵ راگرت، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە ئێمە كۆتایی بەم شەڕە گاڵتەجاڕییە بێكۆتایە بهێنین".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×