هێزەكانی سەر بە روسیاو ئێران لەسوریا شەڕی یەكدی دەكەن
  2019-01-26       1857       
نمایشی هاوپەیمانی روسیاو سوریا لەدیمەشق

رۆژنامەیەكی ئەڵمانی بڵاویكردۆتەوە كە یەكەكانی دو فرقەی سوپای سوریا لە پارێزگای "حەما" شەڕی یەكدیان كردوە. یەكێك لەو فرقانە فەرمان لەهێزە ئێرانییەكانەوە وەردەگرێت و ئەویدیكەیان روسەكان پشتیوانی دەكەن. لەشەڕەكەدا هێزەكەی سەر بە ئێران شكاوە.

ئاوێنە، دوێچەڤیلە: ماڵپەڕی رۆژنامەی "شپیگل"ی ئەڵمانی رۆژی هەینی راپۆرتێكی كریستۆف رۆیتەر، شارەزاو پەیامنێری هەفتەنامەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكردۆتەوە. كریستۆف رۆیتەر نوسیویەتی كە توانیویەتی گوێ لە پەیوەندییەكی بێتەلی فەیلەقی چواری سوپای سوریا بگرێت كە باسی لە شەڕی چەكداری نێوان سەربازانی سەر بە ئێران و روسیا لە گوندی "ئەلغاب"ی سەر بە پارێزگای "حەما"ی سوریا كردوە.

بەقسەی كریستۆف رۆیتەر، هێزەكانی ئەو دو وڵاتەی كە پشتیوانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەكەن رۆژی 19ی ئەم مانگە بە بەكارهێنانی تانك و هاوەن و چەكی رەشاش شەڕی یەكدیان كردوە.

پێدەچێت روسیاو ئێران هەوڵەكانیان بۆ نیشاندانی هێزی خۆیان لەسوریا بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی زیاتر لە پارێزگای "حەما" لە باكوری رۆژئاوای سوریا بەگەڕخستبێت. 

بەپێی راپۆرتەكەی شپیگل بۆ ئەو مەبەستە ئێران فەیلەقی چواری سوپای سوریای رەوانەی ناوچەكە كردوەو لەهەفتەكانی رابردودا ژمارەیەك لەگوندەكانی ناوچەكەی خستۆتە ژێر ركێفی خۆی. فەیلەقی چواری سوپای سوریا لەلایەن ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریاوە فەرماندەیی دەكرێت بەڵام بەكردەوە فەرمان لە ئێرانییەكان وەردەگرێت.

روسیاش خوازیاری كۆنترۆڵكردنی هەمان ئەو ناوچانەیەو لەو پێناوەشدا كەرەستەی سەربازی و هێزی پشتیوانی بۆ فەیلەقی پێنجی سوپای سوریا ناردوە كە ئەو فەیلەقە لە پارێزگای "حەما"یەو لەلایەن جەنەراڵ سوهەیل ئەلحەسەن-ەوە فەرماندەیی دەكرێت.

پەیامنێرەكەی شپیگل نوسیویەتی"ئاشكرا نییە بەشار ئەسەد-ی دیكتاتۆر چی دەوێت، بەڵام ویستی ئەو هەرچییەكیش بێت رۆڵێكی گرنگ ناگێڕێت."

لەراپۆرتەكەدا شەڕەكەی نێوان ئەو دو هێزە بەم جۆرە خراوەتەڕو"بەرەبەیانی رۆژی 19ی كانونی دوەم هەردو لا دەستیان بە تەقەكردن لەیەكدی كرد. قەیلەقە سوری-روسییەكە بەخێرایی باڵادەستی خۆی بەسەر فەیلەقە سوری-ئێرانییەكەدا نیشانداو تا ئێوارەی هەمان رۆژ گوندەكانی ناوچەكەی یەك لەدوای یەك خستنە ژێر ركێفی خۆی."

بەوتەی پەیامنێرەكەی شپیگل دوای ئەوە ئارامییەكی رێژەیی باڵای بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە لەگەڵ ئەوەش ناوبەناو فەیلەقی چوارەم و پێنجەم بە چەكی سوك روبەڕوی یەك دەبنەوە. دەوترێت ژمارەی قوربانیانی ئەو شەڕە لەنێوان "دەیان تا 200 كەسدا بوە".

كریستۆف رۆیتەر هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هیچ یەك لەو دو لایەنە خوازیاری بڵاوبونەوەی ئەو شەڕەی نیوانیان نین، بۆیە هەواڵی روبەڕوبونەوەی چەكداری نێوانیان لەگەڵ تێپەڕبونی كاتدا لەلایەن شایەتحاڵەكان، ئەوانەی پەیوەندییان بەو دو هێزەوە هەیەو هەروەها گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئیدلب-ەوە كە گوێیان لە پەیوەندییە بێتەلەكان بوە، بڵاوبۆتەوە. 

 

كێشمەكێشی ئێران و روسیا لەسوریا تازە نییە

پەیامنێرەكەی شپیگل جەختی كردۆتەوە كە كێشمەكێشی نێوان ئێران و روسیا لەسوریا و روبەڕوبونەوەی چەكداری نێوان ئەو ھێزانەی كە لەلایەن ئەو دو وڵاتەوە پشتیوانی دەكرێن، شتێكی تازە نییە. ئەو ئاماژەی بە چەند شەڕێكی نێوان ئەو هێزانە داوە لە مانگەكانی حوزەیران و ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوداو باسی لەوەشكردوە كە وێڕای خواستی هەردو لا بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە جیاجیاكانی سوریا، روسیا خوازیاری بەرقەراریی ئارامییە لەسوریاو لەو رێگەیەشەوە دەتوانێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شتی گرنگ بۆ خۆی یەكلایی بكاتەوەو خۆی بەدور بگرێت لە روبەڕوبونەوە ئەتنی و مەزهەبییەكان.

رۆیتەر پێی وایە كە ئێران لەسوریا بەشوێن چەند "ئامانجێكی گرنگتر"ەوەیەو بۆ ئەوەش هەوڵدەدات بە "خەرجی گەورە"وە "عەلەوییەكان" بكاتە "شیعەی راستەقینە"و وەك حزبوڵای لوبنان بیانكاتە هاوئاوازی خۆی. 

 

ئایا ئێران لەسوریا دەبێتە قوربانی؟

لە راپۆرتەكەی شپیگڵ-دا ئاماژە بە لێدوانەكانی بەهرۆز بونیادی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران دراوە كە لە ناوەڕاستی ساڵی رابردودا رایگەیاندبو"دور نییە ئەسەدو پوتین بمانكەنە قوربانی رێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و نەتەنیاهۆ و دۆناڵد ترامپ." 

وتبوشی"ئێستا بەشار ئەسەد بەوپەڕی بێ ئابڕویی هاوئاوازی خۆی لەگەڵ پۆتین پتەوتر كردوە."

رۆژی چوارشەممەی رابردوش، حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رەخنەی لە روسیا گرتبو بەوەی كە سوپای روسیا لەكاتی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر پێگەكانی ئێران لەسوریا، سیستمی موشەكی بەرگری ئاسمانی ئێس 300ی ناكارا كردوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردبو كە ئەگەر ئەو سیستمی ئێس 300ی روسی كاربكات ئیسرائیل ناتوانێت بەئاسانی هێرشە ئاسمانییەكانی لەخاكی سوریا ئەنجام بدات.

لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا میدیاكانی رۆژئاوا باسیان لەوە كردبو كە مۆسكۆ پێشنیاری بۆ ئەمریكا كردوە كە بەشێك لەسزاكانی لەسەر ئێران هەڵوەشێنێتەوە لەبەرامبەر ئەوەدا هێزە ئێرانییەكان و راوێژكارە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە لەسوریا دەچنە دەرەوە. وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری روسیا لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەو پرسە وتبوی؛ هیچ لێكدانەوەیەكی بۆ هەواڵە بڵاوكراوەكانی میدیاكانی رۆژئاوا نییە. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×