وەزیری دارایی: ئاگاداری وردەكاریی داهاتی نەوتین‌و كێشە لەداهاته‌كه‌یدا نییه‌
  2019-10-08       1309       
ئاوات شێخ جەناب
وەزیری دارایی‌و ئابوری حكومەتی هەرێمی‌ كوردستان رایدەگەیەنێت، ئاگاداری وردەكاریی داهاتی نەوتن‌و كێشە لەداهاتی نەوتدا نییه‌.

ئاوێنه‌: سەبارەت بەئاگاداربونیان لەوردەكاریی داهاتی نەوت‌و رادەستكردنی بەوەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێم بەسایتی‌ درەو میدیای راگەیاندووه‌، "مانگانە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان سنوری 300 ملیار دینار بۆ موچە رادەستی وەزارەتەكەیان دەكەن، ئەگەر ئەوان رادەستی نەكەن ئەی موچە لەچی دەدرێت؟".

ناوبراو ده‌ڵێت، "بەڵێ ئاگاداری وردەكاریی داهاتی نەوتین، راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیت كە ئەركی وردبینی‌و ڕاوێژكارییە، بەراوردمان كردووە لەگەڵ داتاكانی كۆمپانیای سۆمۆ بەرێژەی 98% هاوتان، واتا كێشەیەك نیە لەداهاتی نەوتی هەرێم".

وەزیری دارایی ئەوەش رەتدەكاتەوە كە ئاشتی هەورامی پارەی نەوت رادەست نەكات‌و رایگه‌یاندووه‌، "ئەو ئیستحقاقەی كە مانگانە وەزارەتی دارایی هەیەتی سامانە سروشتیەكان رادەستی دەكات".

ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "سەرچاوەی داهاتی ئێمە دو بەشی گەورەیە، بەشێكیان لەعێراقەوە بۆمان دێت ئەویش دوای بڕینی پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەشێكیشی لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە بۆمان دێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ".

به‌وته‌ی‌ ئاوات شێخ جەناب، "حكومەتی عێراق مامەڵەیەكی شۆڤێنی‌و نادیموكراتیانە لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكات، تێكرای موچەی فەرمانبەر لەهەرێمی كوردستان 650 هەزار دیناره‌، بەڵام لەعێراق ملیۆن‌و 300 هەزار دینار بەرەو ژورە، بۆیە رێگەی مامەڵەكردنی عێراق لەبودجەدا لەگەڵ ئێمە نادیموكراتی‌و نایاساییە".

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×