عەدنان عوسمان: پێویستە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان ئێمەو یەكێتی هەبێت
  2019-10-09       419       
ئەمڕۆ 09/10/2019 كۆبونەوەی وەفدی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەسلێمانی

عەدنان عوسمان، ئەندامى خانەى راپەڕندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بە گرنگى کۆبونەوەى لایەنە سیاسییەکان دەکات و رایگەیاند: پێویستە پەیوەندییەکى پتەو لە نێوان هێزە سیاسییەکان هەبێت بەتایبەت سێلایەنى پێکهێنەرى حکومەت.

ئاوێنە: دواى کۆبونەوەى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کە لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان بەڕێوەچو، ئەمڕۆ چوارشەممە، عەدنان عوسمان  ئەندامى خانەى راپەڕاندن، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە کرد و رایگەیاند: برادەرانى یەکێتى بۆ پیرۆزبایى هەڵبژاردنى رێکخەرى گشتى و ئەندامانى خانەى راپەڕاندن هاتبون.

وتیشى"ئەو هەنگاوانە بۆ کۆبونەوە بە گرنگ دەزانن، بە تایبەت لە نێوان گۆڕان و یەکێتى کە لە ناوچەیەکین پێویست دەکات پەیوەندییەکى پتەو لە نێوانماندا هەبێت".

لە بارەى کۆبونەوەى سێقۆڵى، ئەندامەکەى خانەى راپەڕاندن ئاماژەى بەوەکرد؛ پێیان وایە دەبێت پەیوەندییەکى باش و تەندروست لە نێوان هەمولایەنەکاندا هەبێت و گرنگە لایەنە پێکهێنەرەکانى حکومەت یەک گوتار و یەک هەڵوێست بن بۆ پرسە نیشتمانییەکان و پرسى چاکسازیى لە حکومەتدا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا و لە وەڵامى رۆژنامەنوساندا عەدنان عوسمان لەبارەى دۆخى رۆژئاواى کوردستان و پێشهاتە نوێیەکانەوە وتى : ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان هەڵوێستمان رونە و لە روى سیاسى و دیپلۆماسى و جەماوەرییەوە پشتگیرى رۆژئاوا دەکەین، چونکە ئەوان رۆڵێکى گەورەیان هەبوە لە تێکشكاندنى داعش، بۆیە پێویستە هەمو کوردێک سەرسەختانە پشتگیرى رۆژئاوا بکات.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×