نوێنەرایەتی رۆژئاوای كوردستان لەهەرێم داوای پشتیوانی خەڵكی باشور دەكات
  2019-10-09       1043       

نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێم، داوا لەخەڵكی باشوری كوردستان دەکات، وەک ئەركێكی ئەخلاقی و نشتیمانی لەڕێی ڕێكخستنی ڕێپێوان و مانگرتنی ئاشتییانەوە، پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان بکەن، داواش لە حکومەت و پەرلەمانی كوردستان دەکات بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و بڕیاری پەرلەمان بۆ پشتیوانیکردنی ئەزمونی ڕۆژئاوا جێبەجێ بکەن.

ئاوێنە: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە نوێنەرایەتیی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەکەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی هەڕەشەو مەترسییەکانی توركیا بۆ سەر باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو گرنگیی پشتیوانیی باشوری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، داوای لە گەلی باشوری کوردستان کرد، کە لە ڕوانگەی هەستکردن بەو دۆخەی ئێستا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگوزەرێت، وەک ئەركێكی ئەخلاقیی و نشتیمانی و نەتەوەیی، هەڵوێستی خۆیان لەڕێی ڕێكخستنی ڕێپێوان و مانگرتنی ئاشتییانە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەرببڕن.

لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە بەیاننامەی لە نوێنەرایەتی رۆژئاوای كوردستان خوێندرایەوە كە تێیدا داوای جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە٢٤ی ساڵی ٢٠١٤ی پەرلەمانی كوردستانی كرد، كە تایبەتە بە پشتیوانیكردنی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان.

نوێنەرایەتییەكە دوپاتیشی كردەوە: دەبێت پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ رێگریكردن لەهەر هێرشێک و پشتیوانیكردنی دەستكەوتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئاماژەی بەوەشكرد، کە هەر هێرشێكی سەربازی توركیا قەیرانێكی مرۆیی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبون و دەربەدەربونی ملیۆنان خەڵكی ئەو دەڤەرە، كە لەدواجاردا دەرهاویشتەكانی هەمو ناوچەكە دەگرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×