رۆحانی داوا لەتوركیا دەكات بە بڕیارەكەیدا بۆ هێرشكردنە سەر باكوری سوریا بچێتەوە
  2019-10-09       458       

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران داوا لە توركیا دەكات بە بڕیارەكەیدا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر باكوری سوریا بچێتەوەو رێگەیەكی دروست بگرێتەبەر بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەكانی لەسەر سنور.

ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆماری ئێران لەكۆبونەوەی حكومەتی وڵاتەكەیدا رایگەیاندوە، توركیا سەبارەت بە سنورەكانی باشوری وڵاتەكەی نیگەرانەو مافی خۆیشییەوە ئەو نیگەرانیانەی بڕەوێنرێنەوە. 

رۆحانی وتوشیەتی"بەڵام ئێمە پێمانوایە بۆ ئەو مەبەستە توركیا دەبێت شێواز و رێگەیەكی دروست بگرێتەبەر."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە دانیشتنی سەرانی روسیا، ئێران و توركیادا بەڕاشكاوی وتمان كە رێگەچارەی ئەمنی لە سنورەكانی باكوری سوریاو باشوری توركیا تەنها بە بونی سوپای سوریا لەو سنورانە دەبێت و ئێمە دەبێت هەمو زەمینەسازییەك بكەین بۆ هاتنەوەی سوپای سوریا بۆ ئەو ناوچانەو وڵاتانی دیكەش دەبێت لەمەدا هاوكار بن و ئەمریكییەكان لەو ناوچە بچنە دەرەوەو كوردەكانیش لەو ناوچەیە كە لەڕاستیدا وڵاتی خۆیانە بچنە پاڵ سوپای سوریا."

رۆحانی پێشی وایە كە ئەو رێگەیەی دیاریكراوەو بڕیاری توركیا بۆ سەر باكوری سوریا و "ئەو رێككەوتنانەی لە پشت پەردەوە كراون لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا نابن" و وتیشی"ئێمە خوازیارین توركیای دۆست و برامان و حكومەتەكەی لەو جۆرە پرسانەدا وردبینییەكی زیاتریان هەبێت و دان بەخۆیاندا بگرن و پێداچونەوە بەو رێگەیەدا بكەن كە دیاریكراوە."

سەرۆك كۆماری ئێران پێی وایە ئەو بڕیارەی توركیا داویەتی رێگەیەكی گونجاو و چاك نییە چونكە ئێستا دۆخی ناوچەكە پێویستی بە ئارامییە بۆ ئەوەی ئاوارە سورییەكان خێراتر بۆ وڵاتەكەیان بگەڕێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×