عادل عەبدولمەھدی ٣ رۆژی ماتەمینی راگەیاند
  2019-10-09       938       

سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی، وەک رێزگرتن لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند.

ئاوێنه‌: سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی ئەمڕۆ چوارشەممە سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی لە وڵاتەکەی راگەیاند، ئەوەش وەک رێزگرتن لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان .

تەلەفزیۆنی فەڕمی عێراقی بڵاوی کردەوە کە عەبدولمەھدی سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاندووە و لە رۆژی پێنجشەممە دەست پێدەکات و رۆژی شەممە بەکۆتا دێت، ئەوەش وەک رێزگرتن لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی کە لەنێو خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان دەیان کەس بوونە قوربانی.

خۆپیشاندانەکانی بەغدا و چەند شارێکی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە ماوەی ھەفتەیەکی خایاندو گرژی و ئاڵۆزی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، نزیکەی ١٢٠ کوژراو و زیاتر لە شەش ھەزار برینداری لێکەوتەوە.

حکوومەتی عێراقی دانی نا بەوەی کە ھێزی دژی خۆپیشاندەران بەکارھێناوە ، بەڵێنی ئەوەشیدا کە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرس بوون لە تووندوتیژییەکان.

خۆپیشاندانەکان لەسەرەتای ئەم مانگەوە لە بەغدا دەستیان پێکرد و ماوەی ھەفتەیەکیان خایاند، دواتر چەند شارێکی تری ولاتەکەی گرتەوە، داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران باشکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابینکردنی ھەلی کار و بەگژدا چوونەوەی گەندەڵی بوو.

دواتر خۆپیشاندەران ئاستی داواکارییەکانیان بۆ داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی بەرز کردەوە ، ئەوەش دوای ئەوەی ھێزە ئەمنییەکان پەنایان بۆ بەکارھێنانی ھێز برد بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران.

حکوومەتی عێراقی لەماوەی ئەم ھەفتەیەدا بۆ دووەمجار کۆمەڵێک بڕیاری بۆ رازیکردنی خۆپیشاندەران دەرکرد کە خۆیان لە باشکردنی دۆخی ژیانی ھاووڵاتیان و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و دابینکردنی ھەلی کار دەبینییەوە.

عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین رێژەی گەندەڵییان تێدایە ، لەکاتێکدا ساڵانە بەھۆی فرۆشتنی نەوتەوە دەیان ملیار دۆلاری دەست دەکەوێت، بەڵام دانیشتووانەکەی تائێستا بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک کارەبا و ئاوی خواردنەوە و خراپی کەرتی تەندروستی و بێکارییەوە دەناڵێنن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×