روانگەی سوری: بەهۆی هێرشی توركیاوە زیاتر لە 60 هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئاوارە بون
  2019-10-10       1352       

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لەماوەی كەمتر لە 36 سەعاتی یەكەمی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیادا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان زیاتر لە 60 هەزار هاوڵاتی لەترسی ئۆپەراسیۆنەكە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتوەو ئاوارە بون.

ئاوێنە: روانگەی سوری، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەماوەی كەمتر لە 36 سەعاتی یەكەمی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیادا بۆ سەر باكوری سوریا، زیاتر لە 60 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەترسی ئۆپەراسیۆنەكە، شارو شارۆچكەو گوندەكانی خۆیان بەجێهێشتوەو ئاوارە بون.

روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشداوە كە هەردو شارۆچكەی دەرباسیە و سەرێ كانی، لەئێستادا نیمچە چۆڵ بون و زۆربەی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو دو شارەیان جێهێشتوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەڕو پێكدادانی قورس لە بەرەكانی دەوروبەری شارۆچكەی دەرباسیەی سەربە حەسەكە لەنێوان شەڕڤانان و سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانیدا بەڕێوەچوە لەمیانی بۆردومانی چڕدا لەسەرجەم قۆڵەكانی ئەو شەڕەوە.

هەروەها باسی لەوەش كردوە كە هێزەكانی توركیا بەردەوامن لە بۆردومانكردنی ناوچەكانی دەروروبەری هەردو گوندی "زوهێریە"و "جەم شەرەف" لە گوندەواری شارۆچكەی "دێرك"و لەگەڵ ئەوەش هێزەكانی سوریای دیموكرات توانیویانە لە ئاسمانی ناوچەی "قەسر دەیب" لە گوندەواری دێرك فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا بخەنە خوارەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×