لێپێچینەوە لە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللی و سێ پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە دەكرێت
  2019-10-10       518       

بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، داواكاری گشتی توركیا، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)و سێ پەرلەمانتاری دیكەی ئەو حزبە دەكاتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا دەسەڵاتدارانی توركیا زیاتر لە 20 كەسیان دەستگیركردون.

ئاوێنە: داواكاری گشتی ئەنكەرە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دۆسیەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر هەریەكە لە سەزای تەمەللی و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكانی هەدەپەو هەروەها گوڵستان كڵچ كۆچیغیت، لەیلا گویڤەن و بەردان ئۆزتورك كردۆتەوە ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی لەبەیاننامەو لێدوانەكانیاندا لەسەر ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا دژ بە رۆژئاوای كوردستان، "پڕوپاگەندەیان بۆ تیرۆر" و  "سوكایەتی"یان بە حكومەتی توركیا كردوە.

لەلایەكی دیكەوە دەسەڵاتدارانی توركیا، ئەمڕۆ هاكان دەمیر، سەرنوسەری پێگەی ئەلكترۆنی "بیرگون"یان دەستگیركردوە بەتۆمەتی "هاندانی گەل بۆ توندوتیژی و دوژمنایەتی"، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو پێگە ئەلكترۆنییە باسی لەوە كردبو هێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان برینداربونی هاوڵاتیانی مەدەنی لێكەوتۆتەوە.

حكومەتی توركیا رەتیدەكاتەوە هیچ كەسێكی مەدەنی لە هێرشەكانیدا بۆ سەر رۆژئاوا بریندار یان شەهید بوبێت.

هاكان دەمیر، دوای ئەوەی دەست بەسەر پاسپۆرتەكەیدا گیراوە، ئازادكراوە.

هەروەها لەلایەكی دیكە پۆلیسی توركیا لە مێردین-ی باكوری كوردستان 21 كەسیان دەستگیركردوە بە تۆمەتی "بانگەشەكردن بۆ تیرۆر." و هەروەها پۆلیسی ئەو وڵاتە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە 78 پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ئەو كەسانە كردۆتەوە كە "بانگەشە بۆ تیرۆر" دەكەن دژ بە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×