گروپی ئەورپا لەئەنجومەنی ئاسایش داوا دەكات كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سوریا بكرێت
  2019-10-10       704       

گروپی ئەوروپا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوا دەكات كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سوریا بكرێت و دەشڵێت؛ هێرشە سەربازییەكەی توركیا، هەڕەشە لە هەوڵەكانی شەڕی ریشەكێشكردنی داعش دەكات.

ئاوێنە: گروپی ئەوروپا لەئەنجومەنی ئاسایش، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوا لە هەمو لایەنەكانی باكوری سوریا دەكەن گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن.

گروپی ئەوروپا جەختیشی لە گرنگی چارەسەری سیاسی لە سوریا بەپێی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان كردەوەو هەروەك جەختیشی لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا كردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێكی بەپەلەی لەسەر داوای هەریەكە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، بەلجیكا و پۆڵەندا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی باكوری سوریا لەسایەی هێرشەكانی توركیادا رێكخست.

ئەنتۆنیۆ گوتیریس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند، پێویستە كاربكرێت بۆ كەمكردنەوەی گرژیی و ناكۆكییەكان لە سوریا. و وتیشی"نیگەرانی قوڵی خۆم رادەگەیەنم سەبارەت بە شەڕو ناكۆكییەكان لە باكوری سوریا، زۆر پێویستە كە گرژییەكان رابگیرێن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەردەوام رێز لە پەیماننامەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەكان بگرن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×