روانگەی سوری: هەسەدە گوندێك و چەند پێگەیەكی لە "گرێسپی" و "سەرێكانی" كۆنترۆڵ كردۆتەوە
  2019-10-11       1829       

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، لە "سەرێكانی"و "گرێسپی"  شەڕی سەخت لەنێوان شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)و سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانیدا بەردەوامەو لەو چوارچێوەیەشدا شەڕڤانان گوندێكی سەربە "گرێ سپی" لەژێر چنگی هێزە توركییەكاندا دەربهێننەوە.

ئاوێنە: روانگەی سوری لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، شەڕو پێكدادانی سەخت لەنێوان هەسەدەو سوپای توركیاو میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئەو سوپایەدا لە میحوەرەكانی هەردو شارۆچكەی "سەرێكانی" و "گرێسپی" لەگەڵ بۆردومانی چڕی هێزە توركییەكاندا بەردەوامە.

روانگەی سوری زانیویەتی كە هەسەدە توانیویەتی گوندی "ئەلیابسە"ی سەربە "گرێسپی" كۆنترۆڵ بكاتەوە، ئەوەش دوای چەند سەعاتێك لە كۆنترۆڵكردنی لەلایەن هێزە توركییەكانەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەئەنجامی شەڕەكانی ناوچەی "گرێسپی"، یەكەم سەربازی توركیا لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكەوە كوژراوەو هەروەها شەش چەكداری میلیشیاكانی سەر بەتوركیاش كوژراون.

بەپێی بەیاننامەكەی روانگەی سوری، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە "سەرێكانی"یش توانیویانە چەند خاڵ و پێگەیەك كۆنترۆڵ بكەنەوە كە پێشتر لەمیانی پێشڕەوی هێزەكانی توركیاو میلیشیاكاندا لەدەستیان دابون.

شەوی رابردو مستەفا بالی، بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە لە لێدوانێكدا رایگەیاندبو، هێزەكانی توركیا تەنها سێ گوندیان لەهەردو شارۆچكەی گرێسپی كۆنترۆڵكردوە كە یەكێكیان گوندی "ئەلیابسە"یە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×