هەسەدە: لەدو رۆژی رابردودا 262 كەس لەهێزەكانی دوژمن كوژراون
  2019-10-11       677       

هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) رایگەیاند، لەماوەی شەڕو پێكدادانەكانی دو رۆژی رابردودا، 262 كەس لە هێزە هێرشبەرەكانی توركیا كوژراون كە سەربازی توركیاشیان لەنیودایەو 22 شەڕڤانیش شەهید بون و هەروەها ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی مەدەنیش شەهید بون كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، ئەمڕۆ هەینی، لەبەیاننامەیەكدا ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی نێوان شەڕڤانان و سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئەو سوپایەدا لە ماوەی دو رۆژی رابردودا لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان راگەیاند.

هەسەدە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا كە لە سەعات 4ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە دەستی پێكردوە، سەرجەم شارەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای لە دێرك-ەوە گرتۆتەوە تا قامشلۆ، عامودا، دەرباسیە، سەرێكانی، گرێسپی، كۆبانی و عەین عیسای گرتۆتەوە كە لەوچوارچێوەیەدا توركیا لەڕێی بۆردومانی هەڕەمەكی فڕۆكەوە هەریەكە لە سەرێكانی و گرێسپی و هەروەها ناوچەكانی دیكەشی بە تۆپ و موشەك بۆردومان كردوەو هاوكات لەگەڵ ئەوەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سیخوڕی بەچڕی و بەدرێژایی كات بە ئاسمانی هێڵی سنوری ناوچەكە لەگەڵ توركیا فڕیون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە توركیا لەڕێی وشكانییەوە هێرشی كردۆتە سەر هەریەكە لە سەرێكانی، گرێسپی، كۆبانی و دەرباسیەو لەگەڵ هێرشەكەشدا ئەو ناوچانەی بۆردومان كردون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئاماری كۆتایی شەڕەكانی دو رۆژی رابردو پێكدێن لە كوژرانی 262 كەس لە سوپای توركیاو میلیشیاكانی سەر بەو سوپایە و هەروەها 22 شەڕڤان شەهید بون و ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی مەدەنیش شەهید بون كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×