روسیا داوا لەتوركیاو لایەنەكانی دیكە لە باكوری سوریا دەكات دان بەخۆیاندا بگرین
  2019-10-11       871       

وەزارەتی دەرەوەی روسیا، نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە گرژی و پێكدادانەكانی باكوری سوریا دەردەبڕێت و داوا لە توركیاو لایەنەكانی دیكە دەكات دان بەخۆیاندا بگرن.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ هەینی، لەبەیاننامەیەكدا سەبارەت بە هێرشی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا، رایگەیاند"پێكدادانە چەكدارییەكان لە ناوچە سنورییەكان و بەرزبونەوەی ئاستی گرژی و توندوتیژییەكان لە رۆژهەڵاتی فوڕات جێگەی نیگەرانییە."

وتوشیەتی"گرنگە بەلامانەوە رێگە لە ناسەقامگیری زیاتری دۆخەكەو هەروەها رێگە لە مەینەتی هاوڵاتیانی مەدەنی بگیرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەم سونگەیەوە داوا لە هەمو لایەنەكان دەكەن تا دوا ئاست دان بەخۆیاندا بگرن..لەگەڵ رێزگرتن لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا."

هەروەك داواشی گفتوگۆی نێوان حكومەتی سوریاو كوردەكانی كردوەو دوپاتیشیكردۆتەوە، ئامادەیە وەك نێوانگیر هاوكار بێت بۆ دەستپێكردنی ئەو گفتوگۆیانە.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا رەتیكردەوە دیمەشق ئامادەی هیچ جۆرە گفتوگۆیەك بێت لەگەڵ ئەو هێزە كوردییانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×